نوێترین هەڵوێستی كورد لە بارەی پرۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵیەوە

پۆڵەتیك پرێس

تائێستا كوردو لایەنە عێراقییەكان لەسەر پرۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵی نەگەشتونەتە رێككەوتن و فراكسیۆنە كوردییەكانیش دەیانەوێت بڕیاردان لە پرۆژە یاساكەدا بە زۆرینە بێت.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، نزیكبوونەوەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەدی دەكرێت لەسەر ناكۆكیەكانی تایبەت بەو ماددانەی ناو پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، كە بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بخرێنە دەنگدانەوە، بەڵام تا ئێستا رێككەوتنی فراكسیۆنەكانی لەبارەوە نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر فراكسیۆنە شیعەكان پێداگری بكەن لەسەرئەوەی زانا ئایینییەكان وەك دادوەرەكان بتوانن ببنە بەشێك لە پرۆسەی دەنگدان ئەوە ئەستەمە ئەمڕۆ ئەو ماددانەی ناكۆكییان لەسەر پەسەند بكرێن.

روونیشیكردەوە، كورد پێیباشە شێوازی دەنگدان لەناو دادگای باڵای فیدراڵی بە زۆرینە بێت، تەنانەت ئەگەر دوو لەسەر سێش بێت خراپ نیە.

ئێوارەی 14ی ئازار سەرۆكی لیژنەی یاسایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان پەرلەمانی عێراق بە جیا لەگەڵ هەریەك لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە، ئەوەش بەمەبەستی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان دەربارەی ئەو سێ‌ ماددەیەی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی، بەڵام كۆبوونەوەكان بێ‌ ئەنجام كۆتاییان هات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا