حكومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەكانی خۆی نابێت

پۆڵەتیك پرێس

پێچەوانەی دروشم و بەڵێنەكانی خۆی، حكومەتی هەرێم جارێكی دیكە لەبری ئەنجامدانی چاكسازی گەورە دەستی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران بردەوەو بڕیاریدا هاوشێوەی مانگی شوبات بەهەمانشێوە سەدا 21 مووچەی فەرمانبەران ببڕێتەوە.

ئەو بڕیارەی حكومەت هەر زوو كاردانەوەی زۆرینەی فەرمانبەرانی لێكەوتەوە، بەجۆرێك لە بەشێك لە شارەكانی هەرێم گردبوونەوەو ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەوتەی چاودێران، پێویست بوو حكومەتی هەرێم لەبری دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران پەنای بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رێكخستنەوەی جۆرەكانی داهات ببردایە، نەك ئەوەی هەمیشە بۆ كورتهێنان، مووچەی فەرمانبەران ببڕێت.

 


پرۆژە یاسای چاكسازی كە سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەردا، یەكێك بوو لەو پرۆژانەی حكومەت و حزبەكان شانازییان پێوەدەكرد، چونكە لە بڕگەو مادەكانی یاساكەدا باس لە رێكخستنەوەی داهات و رێگرییەكانی گەندەڵی كراوە كە بەهۆیانەوە خەرجی كەم و داهاتی هەرێم روو لە زیادبوون دەكات، بەوەش گرفتی مووچە چارەسەر دەبێت، بەڵام حكومەت جددی نییە لە جێبەجێكردنی یاساكەدا.

“پێویست بوو حكومەت لەبری دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران كاری بۆ ئەنجامدانی چاكسازی بكردایە”

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وت “لەبارەی رێككەوتنی هەرێم و بەغداوە كۆبوینەوەو بڕیاریش درا وەزیرانی دارایی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستانەكانی بەغدا بانگهێشتی لیژنەكەمان دەكەین تاوەكو لە بارەی كاری دەروازەكانەوە پێكەوە گفتوگۆ بكەین”.

لە چەند رۆژی رابردودا بە هەوڵ و فشارەكانی یەكێتی، هەرێم و بەغدا رێككەوتن بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق بۆ تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت، لەبەرامبەریشدا هەرێم نیوەی داهاتی دەروازەكان رادەستی بەغدا دەكات.


رۆژی 21-حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بریاریدا بەراگرتنی تەمویلكردنی رێژەی %21 ی موچە فەرمانبەران لە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندارەكان و لەسەر كۆی فەرمانبەران جێبەجێكرا، بەڵام حكومەت جەختی لەوەكردەوە ئەو بڕیارە تەنها بۆ مووچەی مانگی شوباتەو مانگەكانی دیكە مووچەی تەواوەتی دەدرێتە فەرمانبەران.

ساڵانی رابردو كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم باجی كارەكانی ئەویان دەدا، ئێستاش باجی نەبوونی پلانی مەسرور بارزانی دەدەن

بەڵام سەرەڕای ناردنی پارەی بەغدا، حكومەتی هەرێم لە دوا كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی 17ی ئەم مانگە ئەنجامیدا جارێكی دیكە بڕیاریدا هاوشێوەی مانگی پێشوو، ئەم مانگەش مووچەی فەرمانبەران بە لێبڕینەوە دابەش بكات.

بەوتەی بەشێك لە هاوڵاتیان، ساڵانی رابردو كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم باجی كارەكانی ئەویان دەدا، ئێستاش باجی نەبوونی پلانی مەسرور بارزانی دەدەن كە توانای چارەسەری ئەو كێشەو گرفتانەی نییە كە ئێستا رووبەڕووی فەرمانبەران بووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا