توركیا.. لەكەمالیزمەوە بۆ ئەردۆغانیزم

پۆڵەتیك پرێس:
لەم ساڵانەی دواییدا، زۆرێك لە چاودێرانی توركیا دركیان بە قۆناغێكی نوێی سیاسی وڵاتەكەیان كرد، كە دەكرێت لە دوو وشەدا كورت بكرێتەوە، ئەویش “سەرهەڵدانی ئەردۆغان”ە.

كەسایەتی و رەفتاری ئەردۆغان، لەمیانی هەڵمەتە درێژخایەنەكانی دەزگا هەواڵگری و میدیاییەكانی پارتی دادوگەشەپێدانی باڵادەست و دەستگرتن بەسەر سەرچاوەكانی توركیا، لە تەواوی دامودەزگا ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەو وڵاتە بەرجەستە دەبێت.

بەڵام ئایا ئەردۆغانیزم چییە؟ تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی چین؟ ئایا تەنیا ئایدۆلۆژیایەكە یاخود ناو و گوزارشتە لە سیستمێكی سیاسی؟

بەپێی بڵاوكراوەیەك لە ماڵپەڕی ئەحوال، بابەتەكە ئەوەیە لەم ساڵانەی كۆتاییدا سیستمێكی سیاسی نوێ لە توركیا سەریهەڵدا، كە لە باشترین حاڵەتیدا دەتوانرێت بە ئەردۆغانیزم پێناسەبكرێت.

لەم ساڵانەی كۆتاییدا سیستمێكی سیاسی نوێ لە توركیا سەریهەڵدا

لە ئەردۆغانیزمدا چوار مەودای سەرەكی هەیە ئەوانیش ستەمكاری هەڵبژاردن لە سیستمی هەڵبژاردنەكاندا، سیستمی ئابووری باوكانە، پۆپۆلیزم وەك ستراتیژی سیاسی و ئیسلامیزم وەك ئایدۆلۆژیای سیاسی.

لەدوای هەوڵی كودەتاكەی 15ی تەمموزی 2016، خەیریدین كرمان مامۆستای شەریعەی ئیسلامی، كە نزیكایەتی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە وتی: رۆڵە راستەقینەكانی ئەم وڵاتە ئەوانەن سەرۆك ئەردۆغانیان خۆشدەوێت و لەدەست خۆیانی نادەن.

لەڕاستیدا ئەم جۆرە لێدوانانە لەمڕۆدا لە توركیا زۆرن، كەسایەتی و شێوازی ئەردۆغان لە دەوڵەت و لەناو توركەكان و دامودەزگا ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا رەنگیانداوەتەوە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی هەواڵگری و میدیایی و تەنانەت ئەمنی و سەربازی پارتی باڵادەست.

لەبارەی ئەوەی ئەردۆغانیزم چییە و سیما سەرەكییەكانی چین، لە ئەدەبیاتی زانستیدا ئەحمەد كورو وا باس لە ئەردۆغانیزم دەكات، كە “دەسەڵاتی یەك پیاو”ە، لەلایەكی دیكەوە ئیحسان یەڵماز وا باس لە توركیا دەكات، كە لە كەمالیزمەوە بۆ ئەردۆغانیزم هەنگاویناوە، جگە لەوەی هەردوو سەرۆك هەوڵیانداوە ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن.

ئەردۆغانیزم فەلسەفەی دەسەڵاتی ئەردۆغانە

هاوكات، مستەفا ئەكیۆل ئاماژە بەوەدەكات ئەردۆغانیزم فەلسەفەی دەسەڵاتی ئەردۆغانە، كە لە رێگادایە بۆ ئەوەی ببێتە ئایدۆلۆژیای نوێی فەرمی توركیا.

بەر لە هاتنی ئەردۆغان سیستمی حوكمڕانی توركیا كەمالی بوو، ئەو سیستمەی مستەفا كەمال ئەتاتورك داینا بۆ توركیا سیستمێكی نەتەوەیی عەلمانی بوو، ئەتاتورك پارتەكەی خۆی بە نوێنەری گەلی توركیا وەسفدەكرد كە لە بەرژەوەندی هەموو توركەكاندایە.

كەمالیزم بەوە جیا دەكرایەوە، تێگەیشتنەكانی بەسەر شوێنكەوتووانی لە موسوڵمان و ناموسوڵمان و كورد و پێكهاتەكانی دیكەدا لەسەر بنەمای بەها عەلمانی و نەتەوەییەكان دەسەپاند.

ئەردۆغانیزم سیستمێكی تاكگەرایی ئایدۆلۆژییە توركیای لە دەوڵەتێكی عەلمانییەوە بۆ دەوڵەتێكی ئیسلامی ئیخوانی گۆڕیوە

بەڵام سیستمی ئەردۆغانیزم بەوە جیادەكرێتەوە، كە سیستمێكی تاكگەرایی ئایدۆلۆژییە توركیای لە دەوڵەتێكی عەلمانییەوە بۆ دەوڵەتێكی ئیسلامی ئیخوانی گۆڕیوە، كە ستەمكارییەكانی لایەنی ئابووری و ستراتیژی و ئایدۆلۆژی سیستمی حوكمڕانی گرتووەتەوە و كەس ناتوانێت رەخنەی لێبگرێت.

سیستمی ئەردۆغانیزم لەم سەردەمەدا دەژی و بەچەندین قەیرانی كۆمەڵایەتی و ئابوریدا تێپەڕدەبێت و لە هەموو لایەكەوە لە ناكۆكیدایە، چ لەناو توركیا، چ لەڕووی پەیوەندییە دەرەكییەكانەوە، لە ئێستاشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، لەجیاتی ئەوەی چارەسەر بۆ كێشە و قەیرانەكانی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە، سەرقاڵی دانانی دەستورێكی نوێیە، كە بەبڕوای چاودێران ئامانج لەم هەنگاوەی بریتییە لە مانەوە لە دەسەڵات و بوونەوەیەتی بە سەرۆكی توركیا بۆ جاری سێیەم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا