سلێمانی لە هەنگاوەكانی كۆتایی كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا نزیك دەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی ئەو ئامارانەی رۆژانە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بڵاوی دەكاتەوە، دەركەوتووە پێچەوانەی پارێزگاكانی دیكە رۆژ بە رۆژ رێژەی توشبوونی دانیشتوانی سلێمانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمتر دەبێتەوە، بەجۆرێك پێچەوانەی پێشتر ئێستا رۆژانە نەخۆشخانەكانی كەمتر نەخۆشانی كۆرۆنا لە خۆ دەگرن.

بە وتەی بەرپرسانی حكومی و تەندرستی پارێزگاكە، شەپۆلی بەهێزی كۆرۆنا لە سلێمانی بەشێوەیەكی بەرفراوان رووی لە كزی كردووە، ژیان و كاروباری هاوڵاتیان بەتەواوەتی ئاسایی بووەتەوە، تەواوی پێداویستییەكانی نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندا هەیەو خەڵك ناچارنین بۆ چارەسەر روو لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بكەن.


بەپێی دواین ئامار كە رۆژی 17ی ئەم مانگە بڵاوكرایەوە دەركەوتووە لە هەر چوار نەخۆشخانەكەی تایبەت بە كۆرۆنا لە سلێمانی تەنها 163 نەخۆشی ماونەتەوە، كە زۆرینەیان دۆخی تەندروستیان زۆرباشە، ئێستاش زیاتر لە 700 بەخشەری پلازمایان هەیە، دەشتوانن لە زۆر لایەنەوە هاوكاری پارێزگاكانی دیكە بكەن تاوەكو كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

بە وتەی پزیشكان كاتێك شەپۆلی كۆرۆنا روو لە شوێنێك دەكات زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام دوای چەند هەفتەیەك شەپۆلەكە روو لە كزی دەكات، پێشتر شەپۆلەكە سلێمانی گرتەوە، بەڵام ئێستا رووی لە هەولێر كردووەو دۆخی تەندروستی ئەو پارێزگایەی تێكداوە.


تەنانەت لە ماوەی رابردودا لە هەولێر بەهۆی نەبوونی ئۆكسیجینی پێویستەوە لەیەك رۆژدا 17 كەس لە نەخۆشخانەی رزگاری گیانیان لەدەستدا، ئەوەش زۆرترین كاردانەوەی لێكەوتەوەو دوا ئەو رووداوە زۆرێك لەو كەسانەی لە هەولێر تووشی كۆرۆنا دەبوون لە ماڵەوە دەمانەوەو دەترسان لەوەی بچنە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆناوە.

دكتۆر هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا پارێزگای سلێمانی لەڕووی تووشبوون بەنەخۆشی كۆرۆنا بەراورد بە رابردو باشبوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو ئەو فشارە زۆری پێشتر لەسەر نەخۆشخانەكان هەبوو، ئێستا نەماوە.

وتیشی “ئێستا لە سلێمانی بانكی پلازمای خوێن هەیەو نزیكەی 700 بوتڵ پلازمای خوێن هەیە، ئامادەكراوە بۆ ئەو تووشبووانەی نەخۆشی كۆرۆنا كە باری تەندروستیان ناجێگیرە”.

دكتۆر هێرش ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا پارێزگای هەولێر وەك پێشتری سلێمانی وایە “تەمەننا دەكەین ئەوانیش بەرەو باشبوونی زیاتر بچن و دۆخەكە هێورتر ببێتەوە، ئێمەش ئامادەین هەموو هاوكارییەكیان بكەین”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا