رەنگە گەیشتنی ڤاكسینە بەریتانییەكە بۆ عێراق‌و هەرێم دوابكەوێت

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی هەبوونی گومان لەسەر كاریگەرییە لاوەكییەكانی ئێستا لە نزیكەی 10 وڵات بەكارهێنانی ڤاكسینی بەریتانی ئەسترازێنیكا راگیراوە، بەو هۆیەوە چاوەڕوان دەكرێت ناردنی ئەو ڤاكسینە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دوابكەوێت.

سەرەتای ئەم مانگە وڵاتی چین بڕی 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی جۆری سینۆفارمی وەك دیاری بۆ عێراق نارد، بڕیارە ئەم هەفتەیەش قۆناغی دووەم لە جۆری ڤاكسینی ئەسترازنیكای بەریتانی بگاتە عێراق، كە بەشێكی پشكی هەرێمی كوردستانە.

رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تائێستا بەفەرمی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە دواكەوتنی ئەو ڤاكسینە ئاگادار نەكراوینەتەوە، بەڵام ئەگەر كێشەی بۆ دروست بووبێت ئەوا ناردنەكەی دوادەكەوێت.

بڕیاربوو عێراق بڕی دوو ملیۆن ژەمە ڤاكسینی ئەسترازێنیكای بەریتانی بكرێت، كە لەو بڕە 180 هەزار ژەمی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

لەبارەی كەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكوردستان لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا، كە بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باسی لەوەكرد، هۆكارەكان زۆرن، رەنگە پەوەندی بە كەمی پشكنین و پشوی رۆژی هەینی و كەمی هاتوچۆوە هەبێت.

بەوتەی رەهێڵ فەرەیدون گومان لەوەدا نییە، كە لەسەروبەندی مانگی ئادار و نیساندا ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا هەڵدەكشێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا