هۆکاری رادەستنەکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان بە دانیشتووانەکانیان

پۆڵەتیک پرێس

عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوو فاکتەری سەرەکی هەن کە رێگری دەکەن لەوەی ئاسایشی ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق رادەستی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بکرێنەوە.

عەزاوی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ئەو دوو فاکتەرە کە رێگرن لە رادەستکردنی ئاسایشی ناوچە سوننیەکان بە دانیشتووانەکانی ئەو ناوچانە، یەکەمیان فاکتەری هەرێمیی و دووەمیشیان پەیوەستە بە هێز و دەسەڵاتی حزبە باڵادەستەکانی ئەو ناوچانە.

باسی لەوەشکرد، هەردوو فاکتەر ئامانجی هەڵبژاردن و ئامانجی سیاسیان لەپشتە، لەبەرئەوەی دەنگی ئەو ناوچە ئازادکراوانە خزمەت بەو هێز و حزبە هەمەجۆرانە دەکات کە لەو ناوچانەدان.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێک لە ناوچە سوننییەکانی دیالە و موسڵ و کەرکوک و سەڵاحەدین، لەڕێی حەشدە عەشایەرییەکان و هێزە ناوخۆییەکان، ئاسایشی خۆیان رادەستی خەڵکی ئەو ناوچانە کردووە.

وتیشی: دەرئەنجامی رادەستکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان بە دانیشتووانەکانیان سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و تەنانەت هەڵبژاردنیش بووە، ئەگەر ئەو ئەزموونە بەسەر تەواوی ناوچە ئازادکراوەکاندا جێبەجێ بکرێت، دەرئەنجامی ئەرێنی دەبێت.

عەزاوی ئاماژەی بەوەکرد، بەڵام هێزە باڵادەستەکانی ئەو ناوچانە نایانەوێت گۆڕانکاری رووبدات و دەیانەوێت دۆخەکان وەک خۆیان بمێننەوە لەبەر بەرژەوەندی سیاسی خۆیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا