لێخۆشبوونی گومرگی كێشە بۆ وەبەرهێنان و كارگەكان دروست دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
دیاردەی لێخۆشبوونی گومرگی كێشەی بۆ وەبەرهێنان و كارگەكان دروستكردووەو لەو بارەشەوە پێشنیازێكی نوێ‌ ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە.

سەرچاوەیەك لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، پێشتر حكومەت بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ئەو كاڵا سەرەتاییانە دەركردبوو، كە دەهێنرانە ناو هەرێمی كوردستان ئەویش لەپێناو زیاتر بایەخدان بە كەرتی تایبەت و بوژانەوەی هەرێمی كوردستان.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، ئەو بڕیارەی حكومەت بۆ خاوەن كارگەكانیش زۆر باشبوو، كە كەرەستەی سەرەتاییان دەهێنا، بەڵام لەئێستادا پێداچوونەوە بە جۆری لێخۆشبوونەكە كراوەوەو راپۆرتێك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك تا ناوەڕۆكی یاساو ڕێنماییەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، جێبەجێنەكردنی بڕیارو یاساكە وەك خۆی كێشەی بۆ وەبەرهێنەران‌و كارگەكان دروست كردووە.

لەو بارەشەوە ساماڵ عبدالرحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی و ئابووری بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لێخۆشبوونی گومرگی بەپێی یاساو رێنماییەكان بڕیاری لەسەر دراوە.

ئەو راشیگەیاند، دەمانەوێت شێوازو میكانیزمێكی تازە بدۆزینەوە بۆ كارپێكردنی یاساكە، كە لە بەرژەوەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم بابەتە بێت ئەویش دوای ئەوەی لەڕێگەی لیژنەیەكی چاودێرییەوە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی چۆنییەتی لێخۆشبوونەكە یەكلایی دەكرێتەوەو یاساكەش وەك خۆی جێبەجێدەكرێت.

سەبارەت بە ناوەڕۆكی پێشنیاری لیژنەكە، كە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم باسی لەوە كرد، لیژنەكە راپۆرتێكی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردووەتەوە، بەڵام ئامادەنەبوو ناوەڕۆكەكەی بخاتەڕوو.

هەروەها رایگەیاند، بۆ هەموو ئەو پڕۆژانەی كە لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە لیژنە دەردەچێت خەمڵاندن بۆ توانای كارگەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكەن تا بزاندرێت قەبارەی ئیشەكانیان چۆنەو بە چ شێوازێك لێخۆشبوون دەیان گرێتەوە، ئەو قسانەشی باس لەوە دەكەن هەندێك سەرمایەدار، یان كۆمپانیا لەدوای كۆتایی هاتنی پڕۆژەكانیان بەردەوامن لە هێنانی كەرەستەی خامی سەرەتایی و ئێستاش لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵام ئەگەر دیاردەیەكی لەو جۆرەش هەبوبێت ئەوە ئەو لیژنەیە چارەسەری دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا