“سێ ملیۆن عێراقی بەشی پێویست خۆراکیان نییە”

پۆڵەتیک پرێس

عەبدولڕەحمان میجاج، نێردەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغدا رایگەیاند، نزیکەی سێ ملیۆن عێراقی لەناویشیاندا 731 هەزار ئاوارە، بەشی پێویست خۆراکیان نییە.

رۆژی شەممە عەبدولڕەحمان میجاج جەختی لەوەکردەوە، رێکخراوەکەی ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی 2021دا هاوکاری خۆراکی پێشکەش بە 849 هەزار عێراقی بکات بەتایبەت ئەوانەی لە لاوازترین دۆخدا دەژین.

باسی لەوەشکرد، لەدوای کەمکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، نرخی خۆراک بەڕێژەی %14 بەرزبووەتەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی دانیشتووان داناوە.

مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، عێراق بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار کەمکردەوە بەجۆرێک بەهای یەک دۆلار یەکسان بوو بە هەزار و 450 دیناری عێراقی لەکاتێکدا پێشتر بەهاکەی هەزار و 184 دینار بوو.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 40 ملیۆن و 150 هەزار کەس دەبێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک