وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم 500 هەزار تەن گەنم لەجووتیاران دەكڕێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ لە بەرنامەیدایە 500 هەزار تەن گەنم لە جووتیاران لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە بكرێتەوە، لەگەڵ حكومەتی عێراقیش هەماهەنگی هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم.

حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ساڵی رابردوو پرۆژەیەكمان راگەیاند بەمەبەستی كڕینەوەی 500 هەزار تەن گەنم لەجووتیاران لەمساڵدا، كە بریتییە لە 200 هەزار تەن لە هەولێر و هەریەك لە دهۆك و سلێمانی 150 هەزار تەن وەردەگرینەوە.

لەبارەی نرخی كڕینەوەی گەنم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند، لە كاتی خۆیدا نرخ دیاری دەكەین لەرێگەی لیژنەیەكی هاوبەشی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەو كۆمپانیایانەی گەنمەكە دەكڕن.

باسی لەوەشكرد، ئێستا ناتوانن رێژەی گەنمی ئەمساڵ دیاری بكەن، بەڵام هاوشێوەی ساڵی رابردوو نابێت، كە نزیكەی دوو ملیۆن تەن بوو، بەهۆی ئەوەی وەك پێویست باران نەباریوە، بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان و خوارووی هەولێر.

هەروەها روونیشیكردەوە، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 900 هەزارتەن گەنم هەیە بۆ پڕكردنەوەی هەموو پێداویستییەكان، ئەو گەنمەی لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە رێگەی وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ بەرهەمی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و دواتر دابەش دەكرێتەوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم باسی لەوەش كرد، لەگەڵ حكومەتی عێراق هەماهەنگی هەیە بۆ كڕینەوەی بەشێك لەگەنمی جوتیاران، بەڵام تائێستا میكانیزمی ئەوە بە وردی بۆ ئەمساڵ دیارینەكراوە.

ساڵانە لەهەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر لەگەنم‌و دانەوێڵە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام كێشەی سەغكردنەوەی ئەو بەرهەمانە، كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم جوتیاران‌و حكومەتی هەرێمیش دەیەوێت ئەمساڵ ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا