حكومەتی هەرێم پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی گەرمیانی راگرتووە

پۆڵەتیك پرێس: نیگار عومەر
لەسنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 70 پرۆژە كارەكانی راگیراون و حكومەتیش بەبیانووی قەیرانی دارایی بودجە بۆ ئەو پرۆژانە دابین ناكات، بەرپرسێكی گەرمیانیش دەڵێت، ئەو پرۆژانەی ڕاگیراون بەزۆری پرۆژەی خزمەتگوزارین بۆ ناوچەكە و پەیوەستن بەگوزەرانی خەڵكەوە.

هەڤاڵ ئیبراهیم، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: ئەو پرۆژانەی كە لەسنووری ئیدارەی گەرمیان ڕاگیراوە نزیكەی 70 بۆ 80 پرۆژە دەبێت، بەڵام دوای سەردانی جێگری حكومەتی هەرێم بۆ ئیدارەی گەرمیان هەندێت لەپرۆژەكان بەگەڕخراونەتەوە، بەڵام لەئێستادا 70پرۆژە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ڕاگیراون.

ئەو وتیشی: ئەو پرۆژانەكە ڕاگیراون بەزۆری پرۆژەی خزمەتگوزارین بۆ ناوچەكەو پەیوەستن بەگوزەرانی خەڵكی ناوچەكەوە، ئێمە لەئیدارەی گەرمیان چەندین جار كۆبوونەوەمان كردووە لەگەڵ سەرووی خۆمان بۆ بەگەڕ خستەوەی ئەم پرۆژانە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایەوە بوجە بۆ پرۆژەكان دابین نەكراوە.

لەنێو ئەو پرۆژانەی كە ڕاگیراون بەشێكی زۆری دەكەوێتە قەزای كەلارە

لەسەر هەمان پرس شەهاب ئەحمەد، قائیمقامی قەزای كەلار بەپۆڵەتیك پرێس-ی وت: لەقەزای كەلاردا نزیكە 40 پرۆژە لەسەرجەم سێكتەرەكاندا ڕاگیراوە، زۆرێك لەپرۆژەكان بەشێكی باشی كارەكانی تەواو بووەو پێویستی بەبوجەیەكی كەمە بۆ تەواو كردنی، یەكێك لەو پرۆژانە كە گرنگییەكی خۆی هەیە بۆ دانیشتوانی گوندەكانی سنووری گەرمیان پرۆژەی دابین كردنی كارەبایە بۆ گوندەكان، كە نزیكەی 42 گوندی سنوورەكە، كە تا ئێستا كارەبایان نییە و داوامان كردووە لە وەزیری كارەبا ئەو پرۆژەیەمان بۆ بەگەڕ بخاتەوە.

 

یەكێكی دیكە لەو پرۆژانە پرۆژەی تەواوكردنی ڕێگای جووت سایدی كەلار سلێمانییە، كە زۆر جەختی لەسەر دەكرێتەوە بوجەی بۆ دابین بكرێت بۆ تەواوكردنی، هەروەها قیرتاوكردنی هەندێك لەگەرەكانی شاری كەلار و دروست كردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی سنوورەكە، دوو پرۆژەی بەنداویش هەیە، لەگەڵ چەند پرۆژەیەكی تر، كە تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

شەهاب ئەحمەد ئەوەشی خستە روو، بەتەواوبوونی ئەو پرۆژانە سودی بۆ هەموو خەڵكی گەرمیان و قەزای كەلار دەبێت، جگە لەوەش لەنێو ئەو پرۆژانەدا پرۆژەی گەشتیاری هەیە، كە لەڕووی داهات و هەلی كارەوە دەتوانرێت سودی لێوەربگیرێت.

 

یەكێكی دیكە لەو پرۆژانە پرۆژەی تەواوكردنی ڕێگای جووت سایدی كەلار سلێمانییە

 

ناوچەكانی گەرمیان، بەتایبەتی شاری كەلار، كە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، ناوچەیەكی ستراتیژییە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، ئەمە جگە لەهاوسنووری لەگەڵ چەند ناوچەیەكی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراق.

لەلایەكی دیكەوە بەرزان فایەق، بەڕێوبەری پرۆژەكان لەبەڕێوبەری گشتی شارەوانیەكانی گەرمیان لەسەر راگرتنی ئەو پرۆژانە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەشارەوانی گەرمیان 18 پرۆژەی ڕاگیراو هەیە، كە كاركردن تێیدا ڕاوەستاوە وەك پرۆژەی ئاوەڕۆ قیرتاوكردنی شەقامەكان و سەوزایی ناو شارەكان، بەزۆری زۆربەی پرۆژەی شارەوانییەكانی گەرمیان نزیكەی 40 لەسەدی ئیشوكاری پرۆژەكان تەواوو بووە.

ئەو روونیشیكردەوە، لەنێو ئەو پرۆژانەدا، كە لەشارەوانی گەرمیاندایە دوو پرۆژەی لەناحیەی ڕزگاری هەیە، كە نزیكەی 75 لەسەدی كارەكانی تەواو بووەو بەیەكێك لەپرۆژە گرنگەكان دادەنرێت، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە قیرتاوی كۆڵانەكان و ئاوەڕۆی نێو كۆڵانەكان.

بەڕێوبەری پرۆژەكان جەختی لەوەشكردەوە، ساڵانە ناوی پرۆژەكان و بڕە پارەی پێویست بۆ سەرووی خۆیان دەنێرن بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی پرۆژەكان، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخەوە بوجەی بۆ تەرخان ناكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا