هەنگاوێكی تری حكومەتی هەرێم بۆ غەرامەكردنی هاووڵاتیان

پۆڵەتیك پرێس:
وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەیەوێت بەیاسا و لەڕێگەی پەرلەمانەوە كار بۆ سزادانی ئەو كەسانە بكات، پێوەری خوێندنەوەی ئاوی ماڵان دانانێن، بۆ ئەوەش پێشنیاری 500 هەزار دیناری وەك غەرامە كراوە، بەڵام ئەندامانی پەرلەمان ئەو هەنگاوە رەتدەكەنەوە.

لەو بارەوە دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: دوای وەرگرتنی بڕیاری ئەنجوومەنی شورای هەرێم و چەند بڕیارێكی وەزارەتی شارەوانی بۆ سزادانی نەبەستنی پێوەری ئاو پرۆسە شكستیهێنا، بەڵام ئێستا بابەتە خراوەتە ناو پرۆژەیاسایەك لە پەرلەمان و وەزارەتی شارەوانی دەیەوێت بەیاسا كارەكە بكات‌و بۆ نەبەستنی پێوەریش ٥٠٠ هەزار دینار سزا بۆ هاووڵاتیان دابنێت.

دابان محەمەد وتیشی: هەڵەی چەند بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی ئەو كێشەی بۆ خەڵك دروستكردووە، چونكە لە بنەڕەتدا پێوەری ئاو گونجاو نەبووە بۆ كوردستان و زیانی گەورەی لە خەڵكی كوردستان‌و داهاتی گشتی بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار داوە، كە بەو هۆیەوەشەوە، خەڵك تووشی زیانێكی گەورە بوون.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیكردەوە، كە بەردەوام دەبن و ڕێگر دەبن تا ئەو زوڵمە لەخەڵك نەكرێت، چونكە پرسەكە نە سیاسییە نە حیزبییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پارە و قوت و گیرفانی خەڵكەوە هەیە.

لەساڵی 2014 چەند كۆمپانیایەك 100 سەد هەزار پێوەریان هێناوەتەوە كوردستان، كە 55 هەزاریان لەجۆری سینی بوون لەكاتێكدا دەبوو ئیتاڵی و ئەڵمانی بن، بەڵام لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو ئاسانكارییان بۆ كراوەو پێوەرەكانیان بەستووە، ئێستا زیاتر لە 80% پێوەرەكان لەكاركەوتوون‌و خراپ بوون كۆمپانیاكانیش بنكەكانیان داخستووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا