كۆمسیۆن ژمارەی كاندید و هاوپەیمانێتيەكان ئاشكرادەكات

پۆڵەتیك پرێس

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، 242 لایەنی سیاسی و 30 هاوپەیمانێتی بەمەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان ناوی خۆیان تۆماركردوە.

جومانە غەلایی ، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، تاوەكو ئێستا 249 لایەن ناوی خۆیان لە كۆمسیۆن تۆماركردوە، 60 لایەنی دیكەش پرۆسەی تۆماركردنیان لە تەواوبووندایە، پێشتریش 106 لایەن ناوی خۆیان تۆماركردووە و ویستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەربڕیووە.

سەبارەت بە هاوپەیمانێتییەكان وتی، “لە ساڵی 2018 25 هاوپەیمانێتی تۆماركرابو بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام لەئێستادا 30 هاوپەیمانێتی تۆماركراوە واتە پێنج هاوپەیمانێتی نوێ لەلایەن كۆمسیۆنی ئێستای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە، و 10 هاوپەیمانیش لە پرۆسەی دامەزراندنیدان، هاوكات لە كۆی 25 هاوپەیمانی كە پێشتر پەسەندكراوە، لەلایەن بەشی سیاسی حزب و ڕێكخراوەكانەوە پێداچوونەوەی بۆ كراوە بەمەبەستی پڕكردنەوەی فۆرم بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو”.

وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتی، ” 186 كاندید سەردانی فەرمانگەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پارێزگاكانیان كردووە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان، دو هاوپەیمانێتی چوار كاندید، 11 حزبیش 20 كاندیدیان پێشكەشكردوە.

بڕیارە رۆژی 10ی شرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لەسەرجەم ناوچەكانی وڵات بەڕێوەبچێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک