بەزبونەوەی نرخی نەوت هەرێم لە خۆبایی دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازارەِكانی جیهاندا نزیك دەبێتەوە لە 70 دۆلار، ئەم بەرزبوونەوەیە كاریگەری هەیە لەسەر زیادبونی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆیە چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری نەوت پێیانوایە ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت، ویستی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەلای بەرپرسانی باڵای هەرێم لاواز دەكات.

شارەزایان ئەو هەوڵەی هەرێم ئەمە بە هەڵەیەكی گەورە دادەنێن، هاوشێوەی ئەو هەڵەیەی كە ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سرووشتییەكان كردی كاتێك بڕیاری سەربەخۆفرۆشتنی نەوتی خستە بەردەستی حكومەتی هەرێم.

پێشتر كە نرخی نەوت لە نزیك 40 دۆلاردا بوو، بەرپرسانی هەرێم هەموو هەوڵێكیان بە ئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەنگاوی دەنا، بەڵام ئێستا كە نزیك بوەتەوە لە 70 دۆلار ئەو گەرموگوڕییە بە وتەی بەرپرسانی هەرێمە دیار نییەو جۆرێك لە بێ منەتیان پێوە بەدیدەكرێت.

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری نەوت پێیانوایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ویستی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەلای بەرپرسانی باڵای هەرێم لاواز دەكات

رامیار رزگار شارەزا لە بواری نەوت بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەگەر پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 جێگیرببێت بڕی پشكی هەرێم 13 ترلیۆن و 466 ملیار دینارە كە 10 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری بۆ مووچە تەرخان دەكرێت و بڕی دوو ترلیۆن و 666 ملیار دیناریشی حكومەت دەتوانێت بۆ وەبەرهێنان تەرخانی بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەلایەك و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەلایەكی دیكەوە داهاتی مانگانەی هەرێم بۆ 896 ملیار دینار بەرزبووەتەوە لە كاتێكدا هیچ بڕە پارەیەكی لە عێراقەوە بۆ نایەت بۆیە ئێستا هەرێم دەتوانێت هەموو مانگێك بەبێ لێبڕین مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكات.

دەشڵێت، “هەركاتێك نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە حكومەتی هەرێم تووشی لە خۆباییبوون دەبێت، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە باشترین شت ئەوەیە هەرێم لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت”.

حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بڕیاریدا بە لێبڕینی 18% ەوە موچە دابەش دەكات ئەوكاتە نرخی نەوت بە 47 دۆلار بوو.

حكومەتی هەرێم 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت نەوتەكەی دەفرۆشێت واتە بە 37 دۆلار فرۆشتوویەتی، ئەو كاتە 100 دۆلار هاوتابوو لەگەڵ 125 هەزار دینار، رۆژانەش بە تێكڕا 460 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە داهاتی نەوت لە مانگی حوزەیرانی رابردوو بڕی 510 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە، كە دەیكردە 370 ملیار دینار بڕی 320 ملیار دیناریشی لە بەغداوە بۆ هاتووە لەگەڵ بڕی 30 ملیار دینار لە هاوپەیمانانەوە، هاوكات داهاتی ناوخۆش 120 ملیار دیناربووە واتە بەكۆی گشتی داهاتی هەرێم لەو مانگەدا 841 ملیار دینار بووە.

پەرلەمانتارێك: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم جۆرە بێ‌ منەتییەكی بەرانبەر بەغدا پێوە دیارە

مامۆستایەكی زانكۆش پێیوایە ئەگەر حكومەتی هەرێم بیر لە رێكنەكەوتن لەگەڵ عێراق بكاتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەڵەیەكی گەورە دەكات.
بێستون سابوراوایی مامۆستای زانكۆ بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئاشكرایە بڕیاردەری یەكەم لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمدایە كێیە، ئەوان لە كۆنەوە تا ئێستا بڕیاری نادروست بوون بۆیە ئەمجارەش بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان چۆنە وا دەكەن.

وتیشی، “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبری ئەوەی پاڵنەرێكی باش بێت، بۆئەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا باشتر رێكبكەوێت، ئەگەر ئەمە پێچەوانە ببێتەوە ئەوە لە سودی خەڵكی كوردستان نابێت و لە زیانی خەڵكی كوردستان دەبێت”.

زیاتر لە دوو مانگە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانی عێراقە و تا ئێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە، پشكی هەرێم یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەردەم پرۆژە یاساكەیە، بەڵام نەوتی هەرێم تەنها كێشەی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق دروستنەكردووە، بەڵكو دوای حەوت ساڵ كە ئێستا حكومەتی هەرێم بەنیازە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەوتەی پەرلەمانتارێكی هۆكاری نەناردنەكەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئامادەنییە داتاكانی خەرجی و داهاتی خۆی رەوانەی وەزارەتی دارایی بكات.

زیاتر لە دوو مانگە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمانی عێراقە و تا ئێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە، پشكی هەرێم یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەردەم پرۆژە یاساكەیە

لەو بارەوە عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی پرۆژەیاسای 2021ی هەرێم بۆ پەرلەمان پەیوەندی بەوەوە هەیە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تا ئێستا داتای داهات و خەرجییەكانی خۆی نەداوەتە وەزارەتی دارایی، ئەگینا بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم خۆی دەبوو لە كۆتایی مانگی شوباتی رابردوو پرۆژە یاسای بودجە بهاتایەتە پەرلەمانی كوردستان.

وتیشی، “بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم جۆرە بێ‌ منەتییەكی پێوە دیارە بەرامبەر بەغدا، پێموایە ئەگەری رێككەوتن لەگەڵ عێراق لاوازە، داهاتی نەوتی هەرێم و داهاتەكانی دیكە بەشی ئەوەدەكات بودجەی هەرێمی پێ دابینبكرێت، بەو مەرجەی داهاتە راستەقینەكان بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی”.

لە ساڵی 2004 كە بۆیەكەمجار نەوتی هەرێم دەرهێنرا تەنها دوو كۆمپانیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بوون ئێستا زیاتر لە 34 كۆمپانیا نەوت لە سەرخاكی هەرێم دەردەهێنن لەهەمانكاتدا رۆژ بە رۆژ حكومەتی هەرێم قەرزەكانی لەسەری زیاتر دەبێت و لە ئێستادا حكومەتی هەرێم نزیكەی 28 ملیار دۆلار قەرزارە، كەبریتیە لە قەرزی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت و قەرزی مووچەی پاشەكەوتكراوونەدراوی فەرمانبەرانی هەرێم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا