دوادیداری مامجەلال و كاك نەوشیروان

پێشەكیەكی كورت:
كاتژمێر پێنج و نیوی رۆژی دوو شەممەی ٣/١٢/٢٠١٢مامجەلال بەیاوەری د. بەرهەم و مولازم عومەر سەردانێكی كاك نەوشیروان ئەكات لەماڵی خۆی لە عەلی ناجی سلێمانی. ئەمەش دوا دیداری هەردوكیان ئەبێت.

ئەم سەردانە دوای چەند مانگێك لە سەردانی كاك نەوشیروان و وەفدێكی گۆڕان دێت بۆ دەباشان لە ٢٤/٩/٢٠١٢ كە زۆرجار ناسراوە بە رێكەوتنی دەباشان، كە لەبناغەدا سەردانێكی رەسمی بوو نەك رێكەوتن. سەرەتایەكیش بوو بۆ باشتركردنی پەیوەندیەكانی نێوان ئەو دوو جوامێروهەر دوو هێز.

لەم دوادیدارەدا، هەردووكیان بۆ ماوەی نیو سەعاتێك پێكەوە قسە ئەكەن. دواتر هەم مامجەلال و هەم كاك نەوشیروان لای هاوڕێكانیان زۆر بە گرنگی باس لەو دیدارە كورتە ئەكەن. وەك بیستم مامجەلال بە هاوڕێكانی وتبوو لەگەل كاكە نەوە لەسەر هەمو هەنگاوەكانی داهاتو رێككەوتوین و پەیوەندیەكانمان وەك جارانی لێدێتەوە. زۆریش دڵخۆش ببو بەو دیدار و گفتوگۆیە.

كاك نەوشیروانیش لای كۆمەڵێك هاوڕی و لایەنگری خۆی هەمان هەستی دەربڕیبوو. گەر بیرم مابێت رۆژێك یا دوو رۆژ دوای ئەو دیدارە سەردانی كاك نەوشیروانم كرد . كاك نەوشیروان دور لە تەبیعەتی تایبەتی خۆی كە زۆرجار بە ئاسایی و تەنانەت دوڕدونگی سەیری ئەو دیدار و گفتوگۆیانەی ئەكرد، ئەمجار حەماسێكی زۆری بۆ ئەو دانیشتنە هەبو وە پێشی دڵخۆش بو. لێم پرسی دیدارەكەتان چۆن بوو، وتی زۆر باش و راشكاو بوو، وەلەسەر هەمو خالە گرنگەكان رێككەوتین و دڵنیام سەرەتایەكی باش ئەبێت بۆ پەیوەندی هەردولامان لە ئایندەدا!

وتم كاك نەوشیروان لام سەیرە جەنابت دوای ئەو هەمو تاقیكردنەوە تاڵانە ئێستا زۆر گەشبینیت، ئەبێ نهێنی ئەوە چی بێت؟ وتی راستە گەشبینم. پاشان وەك خوی هەمیشەیی، بە پەنجەكانی ٤ خاڵی ئەژمارد كەوای لێئەكات متمانەی بە ئایندەی ئەو دانیشتنە هەبێت. لێرەدا تەنها دوو خاڵی باس ئەكەم: وتی مامجەلال تەنها ئەم خولە سەرۆك كۆمار ئەبێت و ئەیەوێت بگەڕێتەوە كوردستان. كە لێرەش ژیا بۆ ئەو قورس و نەنگی ئەبێت، هاوسەنگی هێز بەم شێوەیە لە قازانجی پارتی بێت و باقی لایەنەكان بێهێز و لاوەكی بن. بۆیە ئەو هەر لە ئێستاوە بیر لەوە ئەكاتەوە پێكەوە بتوانین ئەو واقعە خراپە بگۆڕین و پێكەوە هەنگاو بۆ كۆمەڵێك گۆڕانكاری جدی بنێین. دوەم مامجەلال ماوەیەكی تر دێتەوە لە سلێمانی ئەژی، بۆ ئەو و من و هەمومان گرنگە كە هەم پەیوەندی شەخسی هەردوكمان باش و ئاسایی بێت، هەم هەردوولا، بەوەش ئەتوانین لە بری ململانێ، بیر لە كۆی پرسی ئیدارەدانی هەرێم بكەینەوە.

دوای ئەو كۆبونەوە یەكلاكەرەوەیە، مامجەلال ئەگەڕێتەوە بەغداو ئەوە دوا دیداری ئەبێت لە كوردستاندا. بەداخەوەش وەك ئەزانین تەنها دوای چەند رۆژێك توشی نەخۆشیە سەختەكەی ئەبێت و بێئاگا ئەبێت لە دەوروبەر تا رۆژی كۆچی دوایی.

كاك نەوشیروان، جوامێرانە، لە دوای هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣ كاتێك گۆڕان ٢٤ كورسی و یەكێتی ١٨ كورسی دێنێت، بەروحی ئەو رێكەوتنەی لەگەل مامجەلالدا، پەیام بۆ سەركردایەتی یەكیتی ئەنێرێت كەوا فەرمون هەردو فراكسیۆن تێكەل بكەین و پێكەوە فراكسیۆنێكی گەورە دروست بكەین، پێیان ئەڵێ ئەو سەركەوتنەی ئێمە بەهی خۆتانی بزانن و فەرمون با نەخشەی سیاسی هەرێم بگۆڕین. بەڵام بەداخەوە، لەدوای مامجەلال هیچ كەسێك لە بەڕێوەبەرانی یەكێتی، بە روح و گیانی رێكەوتنەكە كارناكەن، بەڵكو زیاتر ئەخزێنە نێو بازنەی سیاسەتەكانی پارتیەوەو دژایەتیان بۆ گۆڕان پەرە پێئەدەن.

ئێستا كە زیاد لە ٨ ساڵ بەسەر ئەو دانیشتنە گرنگە تێئەپەڕێت، وەپاش شكست پێهێنانی رێكەوتنە ٢٥ خاڵیەكەی گۆڕان و یەكێتی لە ٢٠١٦دا، دەبێ بپرسین هەردوو لایەن: گۆڕان و یەكێتی، لەكوێی پرۆسەی حوكمڕانین لە كوردستاندا؟ كاریگەریان بەسەر روداوەكان و شێوازی بەڕێوەبردندا چۆن و چەندە؟ وە بەم دۆخەی ئێستایان دەگەنە كوێ؟!

– گرنگترین و گەورەترین دوا پرۆژەی مام جەلال و كاك نەوشیروان دوا كۆبونەوەی ماڵی كاك نەوشیروان بو. هەردوكیان زۆر دڵخۆش بون بەو لێكتێگەیشتنە.
– یەكێتی و گۆڕان بەتەنها ناتوانن هاوسەنگی هێز بگەڕێننەوە، دەكرێ بیر لە لایەنەكانی تریش بكرێتەوە بۆ نمونە كۆمەڵ و نەوەی نوی و ئەوانی تر.
– هەر هێزێك گەر بیەوێت بەرەیەكی گەورە دروست بكات، دەبێ فاسڵەیەك وەربگرێت لە ناعەدالەتی و گەندەڵی. دەبێ بەكردار دژیان بێت.
– لە ئێستای كوردستاندا گەر بیر لە ئیستقتاب و گروپبەندی گەورە نەكرێتەوە، توشی كارەساتی گەورە ئەبین.
– لەتوپەت وردوخاش بونی هێزەكانی سلێمانی زیانی گەورەی لە هاوسەنگی هێز و ئەم ناوچەیەش داوە: ناكۆكی ، ئینشقاق، دوبەرەكی، حزب و لیستی تازە هەموی تەنها لەم ناوچەیە دروست ئەبن.
– لە كوردستان گرنگە ئیستقتاب دروست ببێت، واتە جەمسەری گەورە. هەر جەمسەرەوكۆمەڵێك لایەن، كە نزیكایەتی فكری و سیاسیان هەیە پێكەوە، لەدەوری یەك كۆببنەوە جا لەدەسەلات بن یا ئۆپۆزسیۆن.
– مەبەستم تواندنەوەی حزبەكان نیە لەنێو حزبێكی گەورەدا، مەبەست بەرەیەكی گەورەو بەهێزە لەگەل پاراستنی جیاوازیەكان.
– هەڵسوكەوتەكانی كاك نەوشیروان، لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەلات و رێكەوتن لەگەل یەكێتی، دەرسێك بو بۆ لایەنگرانی كە دنیای سیاسەت پراوپڕە لەو هەنگاوانە بە گوێرەی واقعی تازەو پێداویستی تازە.
– رێكەوتن لەگەل یەكیتی لای كاك نەوشیروان جدی بو. لای هاورێكانیشی. ئەوەی دژی وەستایەوە لەنێو یەكێتیەوە بو. ئەوان هۆكاری سەرەكی بون بۆ جێبەجێ نەبونی رێكەوتنەوە.
– لە دوادانیشتنی كاك نەوشیروان و مامجەلال بڕیاریان دابو كەنابێ چیتر چارەنوسی كوردستان و حوكمرانیەتیەكەی تەسلیم بە پارتی بكرێت. ئەبێ لەگەل پارتیدا سنوری دەسەلاتەكان دیاری بكرێن و پێی بوترێت ئێمە برابچوكی تۆ نین و لەفەلەكی تۆ ناخولێنەوە.
– لە كوردستان گەر بیر لە هێزی گەورە، تەحالوفاتی گەورە نەكرێتەوە، هەنگاوی گەورە نانرێت. دەنا دۆخەكە وەك خۆی ئەمینێت، حزبەكان شتێ كەمتر شتێ زیاتر دێنن و پرۆسەكەش وەك خۆی ئەبێت.

عەدنان عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا