بەرشەلۆنە بەرەو میلان بوون یان بنیات نانەوەی لیڤەرپوڵ

یانەی بەرشەلۆنە تا دێت کێشە و گیرو گرفتەکانی زیاتر دەبێت و چاوی ھەموو میدیا جیھانیيەکانیش لە سەر ئەو یانە کەتەلۆنیيەیە و چاوەڕێن بزانن بەرشەلۆنە خۆری ئاوا بووە یاخود گرەوی ھەڵھاتنی ڕۆژێکی نوێ دەکات.

ئەگەر چی یانەی بەرشەلۆنە ماوەی چەند ساڵێکە بە دەست ئەنجامە خراپەکانیيەوە دەناڵێنێت لە پاڵەوانێتیە ئەوروپیەکان و ژمارەیەکی خەیاڵی پارەی خەرج کردووە لە کڕینی یاریزان و تا ئێستاش نەیتوانیوە شوێنی پۆیۆل و ئالڤێز و چاڤی و ئینێستا و نەیمار پڕ بکاتەوە کە ھاندەران بەردەوام ڕەخنە لە پێکھاتەی تیپەکە دەگرن، بەڵام دیوە شاراوەکەی ئەو یانەیە لادانە لە فەلسفەی یانەکە و بە سیاسی کردنی بابەتەکان بە تایبەت دوای ڕیفراندۆمەکەی ھەرێمی کەتەلۆنیاى 2017 کێشە ئیداریەکان و ھونەریەکان ڕوویان لە زیاد بوون کرد بە جۆرێک ڕاھێنەر ناتوانێت دەست بۆ دوور خستنەوەی ھەندێک یاریزان ببات یاخود ناتوانێت ھاندێک یاریزان دابنیشێنێت ئەمەش ھۆکارێکی شاراوەی شکستەکانە کە ڕاھێنەرە گەورەکانی ئەوروپا خۆیان نادەن لە قەرەی ئەو یانە گەورەیە بۆیە ناچارن ڕاھێنەری کەم ئەزمون بێنن و مەرجەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن.

بەشێک لە یاریزانەکانیش نایشارنەوە و لە لێدوانەکانیاندا دەڵێن کێشەکە لە نێو ماڵی بەرشەلۆنەیە دوای شکستە ئابڕوو بەرانەکەی بەرامبە بایرن میونشن کە زۆربەی چاودێران پێیان وایە کلاسیکۆی ئەمجارە لە نێوان باشترینی مێژووی یانەکە (لێۆنێل میسی) و (خۆسێ ماریا بارتۆمیۆ) ی سەرۆکە کە فشارێکی زۆریان لە سەرە.

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەیە ئایا بەرشەلۆنە دەرس وەردەگرێت و ڕاھێنەرێکی گەورە بێنێت و یانەکە ھەستێنێتەوە وەک ئەوەی لیڤەرپوڵ لەگەڵ کلۆپ کردی یاخود یانەکە وەک AC میلانی ئیتاڵی دەبێت لە شاشەی تیڤیەکانەوە سەری پاڵەوانێتیە ئەوروپیەکان بکات.

 

شڤان ڕەئووف

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا