پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكى ژورى ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌شی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ئاشكرایده‌كات، ئەم ھەفتەیە لیژنەكانی دروستكردنی ھێزی ھاوبەش له‌و شوێنانه ده‌ستبه‌كارده‌بن، كه پێویست به بوونى هێزى هاوبه‌ش ده‌كات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق به پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند:”چوار لیژنه بۆ ده‌ستنیشانكردنى ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە ھێزی ھاوبەشى پێشمه‌رگه و سوپاى عێلراق ھەیە، پێكھێندراون و بڕیارە ئەم ھەفتەیە دەستبەكار ببن”.
وتیشى، “ئه‌و لیژنانه له‌ماوه‌ى ڕابردوودا پێكهێنراون به‌ڵام ده‌ستبه‌كارنه‌بون، لیژنه‌كانیش له دیالە، كەركوك و سحێلا و مەخموور لە سنووری پارێزگای موسڵ ده‌ستبه‌كار ده‌بن، له رێگه‌ى ئه‌و لیژنانه‌شه‌وه ده‌توانرێت ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییانه‌ى هه‌بوون پڕبكرێنه‌وه”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌نوێترین هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی سوننه له‌كه‌ركوك، گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و پارێزگایه ڕه‌تده‌كرێته‌وه و به “ناده‌ستووریی” ناوده‌برێت.
به‌ره‌ی عه‌ره‌بیی لارینه‌بوونی خۆی نیشانداوه له‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، به‌ڵام ئه‌وه نه‌كاته هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركوك.
هاوكات ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه، ئه‌مریكا فشاربكات بۆ گه‌رانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانی دیكه.