ژیان لەتارمایی مردوواندا

پۆڵەتیک پرێس
ئەو كۆچبەرانەی لەڕێگەی توركیاوە دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا، لەژێر سێبەری پێشێلكاری یاسا نێودەوڵەتییەكان، هەر لەیەكەم هەنگاودا، كە دەگەنە یۆنان، دووچاری توندوتیژی‌و ئەزموونگەلی نامرۆیی دەبنەوە، بەجۆرێك چەندەها كۆچبەر بەلێدان و دڕاندنی جلوبەرگەكانیان لەڕێگەی رووباری ناوەند لەنێوان توركیا و یۆنان گەڕێنراونەتەوە سنوورەكانی توركیا.

عەبدولنەبی ئیسماعیلی نوسەری مەغریبی لەبارەی پرۆسەی كۆچەوە دەڵێت: ئەو ئازارانەی كۆچبەران بەدەستیەوە دەناڵێنن، زۆرێك لەوڵاتانی ئەوروپی بەشداری تێدا دەكەن، ئەگەر لە چوارچێوەی خاڵەكانی یەكێتی ئەوروپا بێت، یاخود لە دەرەوەی ئەو خاڵانە بێت، ئەو وڵاتەی، بانگەشەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكات، هەر خۆشی پێشێلی دەكات، لەم ڕووەشەوە دەتوانین ئاماژە بدەین بەچەند وڵاتێك لەوانەش (یۆنان، كرواتیا، مەقدۆنیا، سڕبیا، مەجەڕ، رۆمانیا و بولگاریا)، كە هۆكارن بۆ چاندنی رق و كینە لەدڵی كۆچبەراندا.

 

لە تارمایی جەنگ و ئازاری بینینی مردووان رامكرد، بەڵام بەداخەوە، ئەمڕۆ لەتارمایی زیندوان و مردوانیشدا دەژیم

 

ئەو باسی لەوەشكردووە، لە تارمایی جەنگ و ئازاری بینینی مردووان رامكرد، بەڵام بەداخەوە، ئەمڕۆ لەتارمایی زیندوان و مردوانیشدا دەژیم، مرۆڤ هیچ بەهایەكی نەماوە، جەستەیەكە بێ رۆح، هەر كاتێك ئاژەڵێكی بەوەفا دەبینم بەخۆم دەڵێم تۆ لەم سەر زەوییە دەژی، كە مرۆڤبوونی لەدەستداوە، زەوییەك بانگەشەی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ دەكات، لە هەمان كاتیشدا یاری بەرۆحمان دەكات و دوچاری ئازارمان دەكات، ئێستا من لەئەلبانیام ٨٠٠ كیلۆمەترم بە پێ بڕیوە، لەژێر باراندا خەوتووم و چەندین جار رووبەرووی ئاژەڵی دڕندەبوومەوە.

 

لەماوەی رابردوودا، بە چەندین شەپۆلی كۆچی نایاسایی كۆچبەران روویان لەئەوروپا كردووە و تەنانەت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپیشدا ئەم شەپۆلانە بەئاشكرا باسیان لێوە دەكرێت.

پێشتر رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویكردەوە، حكومەتی فەڕەنسا داوا لەلەندەن دەكات بڕی ٣٣،٢ ملیۆن یۆرۆ تەرخان بكات بۆ بەشداری كردن لەداخستنی رێڕەوی دەریایی نێوەند لەنێوان دوو وڵاتەكەدا بەڕووی كۆچبەرانی نایاساییدا، بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، حكومەتەكە هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا وەڵامی ئەم داوایەی فەڕەنسا دەداتەوە یاخود نا.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش ئەوەی خستووەتەڕوو، هێزە چەكدارەكانیان داوایەكیان لە فەرەنساوە بەدەست گەیشتووە تا یارمەتی وڵاتەكە بدەن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بەلەمانەی، كە كۆچبەران لە رێگە دەریاییەكەوە دەگوازنەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەدان كەس ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و رێگەكەیان بەكارهێناوە، كە لەنێویاندا چەندین منداڵ و ژنی دووگیان هەبووە، لەماوەی رابردوودا و لەڕێگەی چوپە بەلەم و بەلەمی بچووكەوە، كە لە قەبارەی خۆیان زیاتر كۆچبەریان هەڵگرتووە بەكەشی گەرم و هێمنی دەریادا ٣٣ كیلۆمەتر رێگایان بڕیوە.

 

سەدان كەس ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و رێگەكەیان بەكارهێناوە، كە لەنێویاندا چەندین منداڵ و ژنی دووگیان هەبووە

 

لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەدا، زیاتر لە ٢٠٠ كۆچبەر گەشتوونەتە كەنارەكانی بەریتانیا، لە رۆژی دواتریشدا ١٣٠ كۆچبەر گەیشتوونەتە كەناراوەكان‌و لە رۆژانی دواتریشدا كۆچبەران بە بەردەوامی دەریاكەیان بڕیوە و گەیشتوونەتە بەریتانیا.

لە عێراقیشدا، كێشەی كۆچی نایاسایی بەردەوامە و هەر لەم مانگەدا بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان بڵاوكراوەتەوە، ١٣٤ كۆچبەری عێراق بە شێوەیەكی خۆبەخشانە لە یۆنانەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكە، پڕۆسەی ئەم گەڕانەوەیەش بەشێكە لە پڕۆگرامێكی تایبەت كە یەكێتی ئەوروپا پشتگری دارایی دەكات و ئامانج لێی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی كەمپەكانی سەر دورگەكانی یۆنانە.

پڕۆگرامەكە لە مانگی ئازار دەستیپێكرد دواتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا راوەستا تێیدا هەر كۆچبەرێك رازی بێت بە گەڕانەوەی بۆ وڵاتی خۆی، دوو هەزار یۆرۆی پێ دەدرێت بۆئەوەی بتوانێت ژیانێكی نوێ لە وڵاتەكەی دەستپێبكاتەوە.

بەپێی ئاماری رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ بۆ ساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ١٢٣ هەزار و ٩٢٠ كۆچبەر گەیشتوونەتە زەوییەكانی ئەوروپا، كە زۆرینەیان بەڕێگای دەریاییدا تێپەڕبوون و لە سنورەكانی یۆنان و بولگاریاوە چوونەتە ئەوروپای رۆژئاوایی، هەر بەپێی ئامارەكە نزیكەی ١٠٥ هەزار و ٤٢٥ كۆچبەر بەڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاستدا كۆچیانكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا