پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، پارتی نیەتی نییە لامەركەزی جێبەجێبكات لە كاتێكدا بۆ قۆناغی ئێستای هەرێم باشترین سیستم سیستمی لامەركەزییە، بۆیە یەكێتی سورە لەسەر جێبەجێكردنی.
حاجی مەسیفی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “پارتی نایەوێت لامەركەزی جێبەجێبكرێت، چونكە دەیانەوێت هەموو دەسەڵاتەكان لای خۆیان بێت و خەڵك بۆ ئیش و كارەكانییان بۆلای ئەوان بڕۆن”.
وتیشی: “ئێمە بۆ پرسی لامەركەزی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و كونسوڵی وڵاتان قسەمان كردووە، ئێمە داوای هەرێمی دیكە ناكەین یان داوای جیابوونەوە ناكەین، ئێمە داوامانكردووە سیستمی لامەركەزی پەیڕەوبكرێت چونكە بۆ بارودۆخی ئێستا باشترین سیستمە كە پەیڕەوبكرێت لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان”.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی باسی لەوەشكرد، سورین لەسەر پرۆژەی لامەركەزی و لێی پەشیمان نین، ئەگەر جێبەجێش نەكرا یەكێتی هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت لانی كەم (ازعف الایمان)، دەڵێین چۆن لەو دەسەڵاتەدا بین كە قۆرخ كرابێت و ئامادەنەبێت، دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگارێك یان بەڕێوەبەرێكی گشتی دابەزێنێت.