پۆڵەتیک پرێس
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو 644 کەس لە عێراق خۆیان کوشتووە.
لەوبارەیەوە فازڵ غەزاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا حاڵەتەکانی خۆکوژی لە عێراق زیادیان کردووە و بەغدا لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەدا دێت کە تیایدا 139 حاڵەتی خۆکوژی تۆمارکراوە.
ئەوەش هاتووە، لەدوای بەغدا پارێزگای بەسڕە لە پلەی دووەمدایە و 86 حاڵەتی خۆکوشتن تیایدا تۆمارکراوە، لە زیقاریش 86 حاڵەت و نەینەواش 80 حاڵەتی خۆکوژی تۆمارکراوە.
باسی لەوەشکرد، لەو 644 حاڵەتە 368 حاڵەتیان نێر بووە و 276 حاڵەتیش مێ، کە لەڕێی چەک و خۆهەڵواسین، خۆسوتاندن و خۆخنکاندن و خۆهەڵدانەخوارەوە خۆیان کوشتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاڵەنەرەکانی خۆکوشتن بریتی بوون لە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و دەروونی و ئابوورییەکان، جگە لەوانەش، هەژاری و کاریگەرییەکانی جەنگ و واقعی مافەکانی مرۆڤ پاڵنەری دیکەی خۆکوژی بوون.
لەکۆتاییدا کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەپەلە رێوشوێنی پتەوکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بگرنەبەر و هەلی کار و خزمەتگوزاری و ژیانێکی باشتر بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنن.