پۆڵەتیك پرێس – عەلی حەمە سەعید
بەشێك لە هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن باس لەوە دەكەن بەهۆی نەبونی بڕی پێویستی نەوت و دابین نەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، ناچارن پەنا بۆ بڕینەوەی درەخت و دارستانەكان ببەن، بەرپرسانی حكومی شارەكەش هاوشێوەی هاوڵاتیان داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم چارەسەری كێشەكەوە بچێت.
هەڵكەوتەو سروشتی جوگرافیایی قەزای پێنجوێن بەجۆرێكە كە جیاواز لە زۆربەی شارەكانی دیكەی هەرێم زستانێكی سەخت و پڕ لە بەفرو بارانی هەیە، ئەوەش وایكردووە دانیشتوانەكەی زیاتر لە هەر ناوچەیەكی دیكە پێویستیان بە نەوت هەبێت.
وەك خۆیان باسی دەكەنن ساڵانە حكومەت زۆركات تەنها یەك بەرمیل نەوت، یاخود هەر هیچ بڕە نەوتێكیان بۆ دابین ناكات ئەوەش وایكردووە بە ناچاری پەنا بۆ بڕینەوەی دارو درەختی ناوچەكەیان ببەن.
هاوڵاتیان: بەهۆی بێباكی حكومەت و دابین نەكردنی نەوتەوە پەنا بۆ بڕینەوەی درەخت دەبەین
هەرچەندە دانیشتوانی پێنجوێن زیان و مەترسییەكانی بڕینەوەی دارەختەكانیان بۆ دەركەتووە، بەڵام جەخت لەوە دەكەنەوە بێ باكی حكومەت ناچار بەكارێكی لەوشێوەیەی كردوون، دەشڵێن، “ساڵانە لانیكەم پێویستیان بە نزیكەی چوار بەرمیل نەوت هەیە”.
محەمەد رەسوڵ هاوڵاتییەكی دانیشتوی قەزای پێنجوێنەو بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، جیاواز لە سنورەكانی دیكەی ناوچەكە قەزای پێنجوێن و گوندەكانی دەوروبەری ساڵانە لەوەرزی سەرمادا پلەكانی گەرما بۆ ژێر پلەی سفر دادەبەزن ئەمەش وادەكات هاوڵاتیان و گوندنشینان لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە بۆ ئەوەش پێویستییان بە سوتەمەنی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت بارودۆخی سەختی ناوچەكەیان لە بەرچاو ناگرێت و بڕی پێویستی نەوتیان بۆ دابین ناكات، ئەوانیش ناتوانن خۆیان نەوت بكڕن بۆیە درەختەكان بۆ گەرمكردنەوە بەكاردەهێنن.
قایمقامی قەزای پێنجوێن: ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكمان بۆ دابین نەكراوە
بە وتەی چالاكانی ژینگە پارێزی سنوری قەزای پێنجوێن، بەهۆی پەنابردنی هاوڵاتیان بۆ بڕینەوەی دارستانە سروشتیەكان و بەكارهێنانی دارەكان بۆ گەرمكردنەوەی ماڵەكانیان ساڵانە رێژەیەكی زۆر لە سەوزایی سنورەكە لەناو دەچێت، ئەوەش زیانی بە ژینگەی ناوچەكەیان گەیاندووە.
زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە نیگەرانی هاوڵاتیان تێدەگەن، چونكە ساڵانە هەر ماڵێك پێویستی زۆری بە نەوت هەیە.
وتیشی، “ئەمساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سوتەمەنی و كانزاكانی سلێمانییەوە هیچ بڕە نەوتێكمان بۆ دابین نەكراوە، ساڵی پاریش تەنها یەك بەرمیل نەوت دابەشكراوە، بەڵام ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین”.