دواین كۆبونەوە لە بارەی بودجەوە بەڕێوەدەچێت

پۆڵەتیك پرێس

لیژنەی دارایی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دواین كۆبونەوەی خۆیان لە بارەی پەسەندكردنی بودجەوە ئەنجام دەدەن تاوەكو تاوتوێی رێكارەكانی پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە بكەن.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، دوای یەكلایكردنەوەی پرۆژە یاسایی دادگای فیدراڵی بڕیارە رۆژی دوشەمە 15ی ئادار پرۆژە یاسایی بودجە بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە بۆ دەنگدان.

وتیشی، “لیژنەی دارایی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان پێشتر كۆدەبنەوەو چۆنیەتی پەسەندكردنی بودجە تاوتوێ دەكەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەك لیژنەی دارایی ماوەیەكی زۆرە بە نوسراوی فەرمی داوایان كردووە لایەنە شیعەكان پێشنیارێكیان لەبارەی پشكی هەرێمەوە بدەنێ، بەڵام تائێستا ئەو پێشنیارەیان پێ نەدراوە.

وتیشی، “ئەگەر شیعەكان هیچ پێشنیاز و بەدیلێكیان نەبوو، ئەوا ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاساكەدا حكومەت لە بارەی پشكی هەرێمەوە ناردویەتی بۆ پەرلەمان وەك خۆی دەنگی لەسەر دەدرێت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان بە واژۆی 150 پەرلەمانتار بڕیاریدا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 15ی ئادار دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بخرێتە خشتەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا