پۆڵەتیک پرێس
رێکخراوی “سەیڤ زە چیڵدرن” هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی زۆرێک لەو منداڵانەی سوریا کە شەڕ ناچاری راکردنی کردوون نایانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
لەوبارەیەوە جێریمی ستۆنەر، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەرێمیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە رێکخراوەکە رایگەیاند، 10 ساڵ شەڕی ناوخۆی سوریا منداڵی لە منداڵانی ئەو وڵاتە زەوتکرد، بەڵام پێویستە جیهان رێگە نەدات داهاتووشیان بفەوتێت.
رێکخراوەکە راپرسییەکی ئەنجامدا تیایدا هەزار و 900 منداڵ و بەخێوکەرەکانیان لەناو ئاوارەکانی سوریا و پەنابەرانی سوری لە وڵاتانی دیکەی وەک ئوردن و لوبنان و تورکیا و هۆڵەندا بەشداریان تێداکرد.
لە راپرسییەکەدا دەرکەوت، %80ی منداڵە سورییە پەنابەرەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سوریا، لە هەر سێ منداڵێکیش، یەکێکیان پێی باشترە لە دەرەوەی وڵاتەکەی لە ژیان بەردەوام بێت.
لە مانگی ئاداری ساڵی 2011ەوە لە سوریا شەڕ و ناکۆکی بەردەوامە و بەهۆیەوە 387 هەزار تا ئێستا کوژراون.
بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئێستادا، %60ی منداڵانی سوریا بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن و زیاتر لە نیوەیان بەهۆی هەژارییەوە توانای خوێندنیان نییە.