پۆڵەتیک پرێس
جۆ بایدن سنوری بۆ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دژی کۆمەڵە توندڕەوەکانی دەرەوەی گۆڕەپانەکانی جەنگ دانا کە ئەمریکا تیایاندا بەشدارە ئەوانیش عێراق و سوریا و ئەفغانستانن.
ئەم هەنگاوەی بایدن جیاوازە لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە رێگەی دابوو بە بەکارهێنانی ئەم فڕۆکانە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بۆ کردنەئامانجی کۆمەڵە توندڕەوەکان.
لەوبارەیەوە جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هەر لێدان و هێرشێک کە دژی کۆمەڵە توندڕەوەکان لە دەرەوەی عێراق و سوریا و ئەفغانستان پلانی بۆ دادەنرێت، پێویستە سەرەتا لە کۆشکی سپی پەسەندبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە چیتر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان رابگیرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2019 هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سۆماڵ گەیشتە 64 هێرش، لەکاتێکدا لە ساڵی 2015 و بەر لەوەی دۆناڵد ترەمپ ببێتە سەرۆک رێژەی ئەو هێرشانە تەنیا 11 دانە بوو.