پۆڵەتیك پرێس:
داوای دادگایكردنی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق، كە پێشتر وەزیری دارایی بوو دەكرێت، ئەوەش بەتۆمەتری بەهەدەردانی داهاتی گشتی.
دەستەی دەستپاكی عێراق لەنووسراوێكی فەرمیدا و لەسەر داوای 30 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بانگهێشتی فواد حوسێن، وەزیری پێشووی دارایی عێراق و وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراقی كردووە، تا ئامادەبێت بۆ لێپرسینەوە لە تۆمەتی بەهەدەردان و دیارنەمانی زیاتر لەشەش ترلیۆن دیناری عێراقی لەوكاتەی وەزیری دارایی بووە.
لەو بارەوە جەمال شكور پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق، كە ئەندامی لیژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراقە، بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: لەسەر داوای دەستەی دەسپاكی عێراق داوای دادگایكردنی فوئاد حوسێن وەزیری پێشووی دارایی عێراق دادگایی دەكرێت، كە گوایە لەو كاتەی وەزیری دارایی عێراق بووە، 6 ترلیۆن دیناری عێراقی وەرگرتووە.
جەمال شكور وتیشی: ئاگادارین ئەو هەوڵە لەناو پەرلەمان هەیەو پەرلەمانتارەكان دەڵێت فوئاد حوسێن ئەو پارەی بەهەدەر داوە، بۆیە دەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت.
بەقسەی پەرلەمانتارەكە، ئەو بابەتە كۆنەو ئێستا جارێكی تر سەریهەڵداوەتەوە، بابەتەكەش پەیوەندی بەناردنی بڕی 400 ملیار بووە بۆ هەرێمی كوردستان، كە ئەو پارەیە بەواژووی فوئاد حوسێن نێردراوە.
لێپرسینەوەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق، بە پێی ماددەی 340 لەیاسای سزادانی عێراقی دەبێت، كە ماددەكە تایبەتە بە لێپرسینەوە لەو فەرمانبەر و راسپێدراوانەی خزمەتی گشتی دەكەن، ئەگەر سەلمێنرا لەو ماوەیەدا بە مەبەست زیانی بە دارایی گشتی گەیاندووە، ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیكردن، كە ماوەكەی دەگاتە حەوت ساڵ.