عوسمانی بە دەستکردی ئەردۆغان

ئەم بابەتە 41 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

شێوازی پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیا لەگەڵ گۆڕانکارییە دەسەڵاتخوازییەکانی یاخود کەسایەتی ئەو پیاوەی لە ئێستادا دەسەڵات بەکاردەهێنێت، لێکجیاناکرێتەوە.

دروشمی “ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی” لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە، یەکەمیان سروشتی ئێستای حوکمی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە، کە خۆی و پارتەکەی هەستاون بە کەمکردنەوەی رێکخستن و هاوسەنگییەکانی تورکیا لەپێناو ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان چڕتر بکەنەوە.

دووەم، ئەم دروشمە ئاماژەیە بۆ گۆڕانی تورکیا لە هاوپەیمانییەکی عەلمانی ئەوروپییەوە بۆ هێزێکی گێرەشێوێنی دژە رۆژئاوا، کە زیاتر لە باڵی نوێی عوسمانییەتەوە نزیکە وەک لەو دەوڵەتە عەلمانییەی مستەفا کەمال ئەتاتورک دایمەزراند.

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێی ئەردۆغان کورتدەبێتەوە لە دامەزراندنی ناوچەیەکی بەرفراوان بۆهەژموونی سیاسەتە دەرەکییەکانی، کە سنوردار نییە بە بەشەکانی پێشووی ئەیمپراتۆریەتی عوسمانی کە دەشێت تورکیا بەکاریبهێنێت بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی ستراتیژی لە کاروبارە نێودەوڵەتییەکانیدا.

بەر لە 10 ساڵ خۆری تورکیا لە رۆژهەڵات و رۆژئاواش رووناک بوو، بەجۆرێک هاوپەیمانانی ناتۆ حسابی دەوڵەتێکی دیموکراسی موسوڵمانی هاوسۆز لەگەڵ رۆژئاوایان بۆ دەکرد.

بەر لە 10 ساڵ خۆری تورکیا لە رۆژهەڵات و رۆژئاواش رووناک بوو

بەڵام ئەمڕۆ تورکیا بۆی دەرکەوتووە ئەو سەردەمە بەرسەرچووە و لە چەندین ناکۆکی سەربازی و دەرەکییەوە تێوەگلاوە و لە ململانێیەکی هەستیاردایە لەگەڵ روسیا و ئێران، جگە لەوانیش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و هاوبەشانی لە هاوپەیمانی ناتۆ لە ململانێدایە، سەرباری هەموو ئەمانەش هاوپەیمانییەکی هاوسەنگ کە پێکهاتووە لە میسر و یۆنان و ئیمارات و سعودیە رووبەڕووی دەبێتەوە.

یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی مایەی دڵەڕاوکێیە ئەوەیە کە تورکیا رووبەڕووی قەیرانێکی قورسی ئابووری بووەتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا، تەنانەت لە پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ ئەمریکا بێبەشە بەجۆرێک، جۆ بایدن کە نزیکەی دوو مانگە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکارە، لەو کاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ ئەردۆغان هیچ گفتوگۆیەکی نەکردووە.

لە کتێبێکی توێژەری تورک سونیر جاگابتای، بە ناوی “ئیمپراتۆریەتی تورکی” باس لە گفتوگۆکانی ئەو نوسەرە کراوە کە لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا کردوویەتی، لەو کتێبەدا هاتووە، ساڵی 2001 داود ئۆغڵۆ ستراتیژێکی قوڵی بەکارهێناوە بۆ بەرفراوانکردنی هەژموونی بیانی تورکیا بەبەکارهێنانی ناسنامەی هەمەجۆر بۆ تورکیا و هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانییەکانی بەجۆرێک تەنیا پشت بە هاوبەشە رۆژئاواییەکانی نەبەستێت.

لە کتێبەکەدا باس لەوەکراوە، بەڵام داود ئۆغڵۆ بە ئاشکرا نەیهێشت تورکیا لە هێزە رۆژئاواییەکان دووربکەویتەوە، وەک ئەوەی ئەردۆغان لەم دواییانەدا کردی، لە ساڵی 2004 ئەردۆغان بەدەست لەدەستدانەوە دەیناڵاند بەتایبەت کاتێک هەوڵیدا یەکڕیزی قوبرس بگەڕێنێتەوە بەڵام قوبرس چووەناو یەکێتی ئەوروپا وەک یاریزانێکی ناتۆی یاخی لە تورکیا مامەڵەیکرد.

سروشتی زۆردارانەی ئەردۆغان وای کردووە خۆی و پارتەکەی لە بەرەیەکدا بەتەنیا بمێننەوە

لە ساڵی 2005یشدا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژی هەوڵی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لەناو یەکێتی ئەوروپا هەڵگەڕانەوە، ئەوەش بووەهۆی ئەوەی سەرلێشێوانی زیاتر لە بەرنامەی سیاسی پارتی داد و گەشەپێداندا دروستبێت بۆ هاتنەناو یەکێتی ئەوروپا.

دواتریش لەماوەی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکادا پاشەکشەی کرد، لە سەرەتای بەهاری عەرەبی ئەمریکا و تورکیا لەپاڵ خۆپیشاندەراندا بوون، دواتر خۆپیشاندەران رێگایان بۆ کودەتای سەربازی لە میسڕ و شەڕی سوریا خۆشکرد، ئەوەبوو کاتێک ئەمریکا شکستیهێنا لە رەتکردنەوەی کودەتای عەبدولفەتاح سیسی و چاودێریکردنی هەڕەشەکانی دژ بەرژێمی بەشار ئەسەد، ئەردۆغان هەستی بە ناپاکییەکی بەهێز کرد.

دواتر لە ساڵی 2016 ئەردۆغان هەستی بە دڵەڕاوکێی توند کرد لە ئاست ئەمریکا، بۆیە روویکردە روسیا و لە سوریاش لەپای ئەو کارە “دوژمنکارانەی” ئەنجامیدا پەیوەندییەکانی بەتەواوەتی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا تێکدا.

بەپێی کتێبەکەی جاگابتای، سروشتی زۆردارانەی ئەردۆغان وای کردووە خۆی و پارتەکەی لە بەرەیەکدا بەتەنیا بمێننەوە.

لە کتێبەکەدا هاتووە، ئەردۆغان لە رابردوودا دەیتوانی هاوکێشەکان بگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا باس لەوە دەکات کە تورکیا بەردەوامە لەوەی وەک دەوڵەتێکی ئیمپراڵی مامەڵە بکات و رۆژێک دێت خەڵکەکەی لەسەر ئەم بنەمایە دان بە وڵاتەکەیاندا دەنێن، کە ئەویش بنەمای ئیمپڕاتۆریەتی تورکی-عوسمانییە لە دەستکردی ئەردۆغان.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک