بۆ ئازادكردنی بەدەل بەرواری پارێزینامە پێشكەشی دادگا كرا

پۆڵەتیك پرێس

پارێزەری بەدەل بەرواری رایگەیاند، پارێزینامەی پێشكەش بە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی كردووە و داوای ئازادكردنی ناوبراویان كردووە لەبەرئەوەی هیچ بەڵگەیەكی لەسەر ساغ نەبووەتەوە.

ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری چالاكوانی دەستگیركراوی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەمە 8ی ئازار، لە پێناو ئازادبوونی بەدەل بەرواری، پارێزی نامەیەكی پێنج لاپەڕەییان پێشكەش بە دادوەری ئاسایشی گشتی كردووە ئەویش سەرەنجی خۆی لەسەر نووسیوە.

وتیشی، “لەبەرئەوەی بەدەل بەرواری هیچ بەڵگەیەك لە دژی نییە و دانی بە هیچ تاوانێكدا نەناوە پاڵپشتی دەستوری و یاسایی و پاڵپشتی بڕیارێكی دادگای تاوانەكانی دهۆكی هەیە كە پراكتیزەی ئازادی رادەربڕینی كردووە بۆیە ئومێد زۆرە لە چەند رۆژی داهاتوو ئازاد بكرێت”.

ماوەی 10 مانگە بەدەل بەرواری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە دەستگیركراوە و دواتر گواسترایەوە بۆ ئاسایشی گشتی لە هەولێر، رۆژی 16 ی شوباتی 2021 لەگەڵ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دادگایی كرا.

دواتر دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج كەسەكەی دیكە دەركرد، بەڵام هیچ سزایەكی بەدەل بەرواری نەدا، ئەوەش بەهۆی نەبوونی بەڵگە لەسەری.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا