سۆسیالیست و شیوعی سەرقاڵی بەستنی كۆنگرەن

پۆڵەتیك پرێس

هەریەكە لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان لەمساڵدا كۆنگرە ببەستن كە پێشتر بەهۆی كاریگەرییەكانی كۆرۆناوە رایان گرتبوو.

فاتیح رەئوف كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، كۆنفرانسی مەڵبەندەكان بەرەو كۆتایی دەچێت بەشێك لە ئامادەكارییەكانی كۆنگرە تەواوبووە لەوانەش پرۆژەی پەیڕەو و پرۆگرام.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی پەتای كۆرۆناوە كۆنگرە دواكەوتووە لە مانگی داهاتوویش رەمەزانە، بەڵام دوای ئەوە بەدڵنیاییەوە كۆنگرە دەبەستن.

لەلایەكی دیكەوە عوسمان زیندانی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی دەبوو حەوتەمین كۆنگرە زووتر ببەسترایە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بە بڕیاری سەركردایەتی دواخراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سێ‌ مانگە دەست ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنفرانسی رێكخستنی ناو شارەكان و سەرجەم كۆنفرانس و هەڵبژاردنی كۆمیتەكانی شار و شارۆچكەكان تەواو بوون.

عوسمان زیندانی وتیشی، “ئەوەی ماوەتەوە لەسەر ئاستی پارێزگاكان كۆنفرانسەكان ببەسترێت و نوێنەرەكانی كۆنگرە دیاری بكرێن بڕیارمانداوە لەمساڵدا كۆنگرە ببەستین”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لەمساڵدا كۆمەڵی ئیسلامی چوارەم كۆنگرەی خۆی بەست، بەوتەی بەرپرسانی پارتیش وا بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا 14 هەمین كۆنگرەی خۆیان ببەستن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا