“نەدەبوو بەرپرسانی هەرێم پێشوازی لە نەسر حەریری بكەن”

پۆڵەتیك پرێس

سەردانی نەسر حەریری سەرۆكی ئیئیتلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ هەولێر، كاردانەوەی جیاجیای لێكەوتەوە و پەرلەمانتارێكی یەكگرتووش دەڵێت، نەدەبوو بەرپرسانی هەرێم پێشوازی لێ‌ بكەن بەهۆی ئەوەی پەكەكەی بە تیرۆرست ناوبردووە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لای من پەكەكە حزبێكی كوردستانییە، هەرچەندە تێبینیمان لەسەر بۆچوون و شێوازی خەبات و كاركردنییان هەیە بەڵام ئەمە لە مافی دۆزی رەوای گەلەكەمان لە باكور كەم ناكاتەوە، هێزێكی شۆڕشگێڕی كوردستانییە و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و دیموكراتییەكانی گەلەكەمان دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: مۆری قبوڵبوون و رەزامەندی لەلایەن گەلەكەمانەوە دەدرێت لە هەرهێزێكی سیاسی نەك لەلایەن ناحەز و دوژمنانی ئەم میللەتەوە.

باسی لەوەشكرد، نوێنەری ئۆپۆزیسیۆنی سوریا كە پەكەكەی بە تیرۆرست ناوبردووە نەدەبوو پێشوازی لێبكرێت لانی كەم لەم قۆناغەدا كە هێز و لایەنە سیاسییەكان دەبێت رەچاوی بارودۆخەكە بكەن و هەرشتێك كە دووریان دەخاتەوە لەیەك خۆیانی لێ‌ بەدووربگرن.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە نەسر حەریری سەرۆكی ئیئتلافی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی پارتی دیموكرات پێشوازی لێكرا، ئەمەش كاردانەوەی جیاجیا و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە.

مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا