نەوتی سپی هەرێم لە ئەفغانستان دەفرۆشرێت

پۆڵەتیك پرێس:
بەشێك لەو كۆپانیایانەی سوتەمەنی هاوردە دەكەن، كاتێك مۆڵەتی هێنانی بەنزین و گازوایلیان بۆ دەكرێت پابەند دەكرێن دەبێت نەوتی سپیش بهێنن، بەڵام ئێستا بەشێكیان ئەو نەوتە سپییەی هێناویانە جارێكی تر رەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی دەكەن‌و لە ئەفغانستان بەگرانتر دەیفرۆشنەوە.

كەریم عەلی كریم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەپێی بەدوواداچوون و زانیارییەكانمان بۆمان ئاشكرابووە بەشێك لەكۆمپانیا و هەندێك لەبازرگانان ئەو نەوتە سپییەی، كە لەئێرانەوە دەیهێننە هەرێم جارێكی تر دەیگەڕێننەوە بۆ ئێران و پاشان لەوێوە رەوانەی ئەفغانستانی دەكەن، چونكە لەوێ بەنرخی گرانتر نەوتەكە دەفرۆشن و قازانجی زیاتر دەكەن.

كەریم عەلی كریم وتیشی: نازانین شێوەی گومرگكردنی گەڕانەوەی ئەو نەوتە سپییە لەدەروازە سنورییەكان چۆنە و چۆن دەڕوات، بۆیە بەدوواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە دەستپێكردووەو دژی كاری ئەو كۆمپانیانە دەوەستینەوە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر حكومەتی هەرێم رێگری نەكات لەكاری ئەو كۆمپانیانە بەهۆی ئەوەی هەرێم خۆی نەوتی سپی نییە نەوت لەبازاڕەكانی هەرێم گران دەبێت ئەوەش كاریگەری خراپ لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست دەكات.

نەوتی سپی یەكێكە لەو بەرهەمە سوتەمەنییانەی هاووڵاتیان لەوەرزی زستان بەكاریدەهێنن‌و زۆر جاریش بەهۆی گرانی نرخەكەی، خەڵكی بەگشتی تووشی كێشە دەبن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا