ئەگەری ئازادكردنی بەدەل بەرواری هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
پارێزەری بەرگریكار لەدۆسییەی بەدەل بەرواری چالاكوان دەڵێت: بەبڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر دۆسییەی ناوبراو گەڕێنراوەتەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بە ئەگەرێكی زۆرەوە بڕیاری ئازادكردنی دەدرێت.

ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رۆژی چوارشەممەی رابردوو دۆسییەكەی بەدەل بەرواری لەدادگای دووی تاوانەكانی هەولێر لەلایەن حاكم زرار واژووی كۆتایی لەسەر كرا بۆ گەڕاندنەوەی بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش.

ئەو پارێزەرە وتی: ئێمەش بەنیازین رۆژی دووشەممە 8ی ئازار لائیحەیەك پێشكەش بە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بكەین بە مەبەستی ئازادكردنی بەدەل بەرواری، چونكە ناوبراو نە خۆی دانی بە هیچ تاوانێكدا ناوە و نەهیچ تۆمەتێكیشی لەسەر ساغ بووەتەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو: ئومێد دەكەین بەدەل بەرواری بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەربچێت، چونكە گەڕانەوەی دۆسیەكەی لە 100% لە بەرژەوەندی ناوبراوە.

رۆژی 15ی ئایاری 2020 بەدەل بەرواری لەلایەن هێزێكی ئەمنی لە دهۆك دەستگیركرا، كە دەیویست بۆ رۆژی دواتر خۆپیشاندانێك رێكبخات دژی دواكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

رۆژی 16ی شوباتی 2021 دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر دادگایی بەدەل بەرواری و پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی دیكەی كرد، جگە لە بەدەل بەرواری ئەوانی دیكە هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانی سزادران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا