ژمارەیەك لەمزگەوتەكانی هەولێر داخراون‌و رێگە بەكردنەوەیان نادرێت

پۆڵەتیك پرێس:
ماوەی زیاتر لەچەند مانگێكە ژمارەیەك مزگەوت لەسنوری گەڕەكەكانی پارێزگای هەولێر داخراون و رێگەنادرێت رۆژانی هەینی وتاریان تێدا بدرێت‌و نوێژخوێنان سەردانیان بكەن.

رێباز بێركۆتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە پۆڵەتیك پرێسی وت: لەسەر داوای هاووڵاتیانی ئەو گەڕەكانە و مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەكان نووسراویان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كردووە تا داوا بكات لەژووری ئۆپراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لەهەولێر بۆ ئەوەی هۆكاری داخستنی مزگەوتەكانیان بۆ روونبكەنەوە، بەڵام وەڵامی نووسراوەكەیان نەدراوەتەوە.

رێباز بێركوتی وتیشی: نازانین هۆكاری داخستنی مزگەوتەكان بۆ ئەو ماوە زۆرە هۆكاری تەندروستی و پەتای كۆرۆۆنایە، یان هۆكاری تری لەپشتەوەیە، بەڵام وەك نوێنەری خەڵك داوای كردنەوەی ئەو مزگەوتانە دەكەین لەچوارچێوەی ڕێنماییە تەندروستییەكاندا، چونكە كردنەوەی مزگەوتەكان داواكاری هاووڵاتییانە.

پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری داخستنی مزگەوتەكان درا، بەم دوایانەش ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە، بەڵام ژمارەیەك مزگەوت لەهەولێر هەر بە داخراوی مانەوە.

لای خۆیشییەوە غازی عەلی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لەئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: شەش مانگە نزیكەی 70 مزگەوت لە شاری هەولێر لەڕۆژانی هەینی داخراون و نوێژی هەینیان تێدا ناكرێت بە پاساوی كۆڕۆنا، ئەوە لەكاتێكدا لەو شارە، كە هیچ جێگایەك بەپاساوی پەتای كۆرۆنا بەداخراوەیی نەماوەتەوە.

وتیشی: قەدەغەكردنی وتار لەو مزگەوتانە دەبێتە هۆی قەرەباڵغكردنی مزگەوتەكانی تر و رێنماییە تەندروستییەكان ناتوانرێت وەك خۆی جێبەجێیكرێت، چونكە هاووڵاتیانی سنووری ئەو گەڕەكانەی مزگەوتەكانیان داخراوە دەچنە مزگەوتەكانی ترو قەرەباڵغی دروستدەكەن.

غازی عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێك لەبڕیارە هەڵەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێرو ژووری ئۆپراسیۆنی رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەهەولێر داخستنی ئەو مزگەوتانەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا