كێشەی میلیشیا چەكدارییەكانی شەنگال دەگەیەنرێتە پاپای ڤاتیكان

پۆڵەتیك پرێس:
میری ئێزدیان پرسی هەبوونی میلیشیا چەكدارەكانی ناو شنگال لەگەڵ پاپای ڤاتیكان باس دەكات‌و داوا دەكات تەواوی میلیشیاكان، شنگال چۆڵ بكەن و سوپای عێراقی جێگەیان بگرێتەوە.

جەوهەر عەلی بەگ بریكاری میری ئێزدیان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: دوای ئەوەی رۆژی هەینی پاپای ڤاتیكان، پاپا فرەنسیس بەسەردانێكی گەیشتە عێراق رۆژی یەك شەممە هەریەك لەمیری ئێزیدیان، میر حازم بەگ و بابا شێخ عەلی لە مەراسیمی پێشوازی پاپادا ئامادەبوون‌و لەگەڵی كۆبوونەوە.

جەوهەر عەلی بەگ وتیشی: لە دیدارەكەدا میری ئێزدیان پەیامی ئەوەی داوە كارئاسانی و زەمینەسازی بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان و داوای دەركردنی تەواوی میلیشیا چەكدارەكانی كردووە لەشنگال و هیوای خواستووە كار بكرێت بۆ گەڕانەوەی ژیان بۆ شنگال تا تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنەوە و بە ئاسوودەیی بژین.

بریكاری میری ئێزدیان هەروەها وتی: پەیامەكە ئەوەبوو كە شنگال خۆشبكرێت و خەڵكەكەی بەسەربەرزییەوە بگەڕێنەوە و ئەو میلیشیایانەی ناو شنگال بكشێننەوە و سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە جێگیر بكرێن و جێگەیان بگرنەوەو ئەو ئەوهاووڵاتیانەی نزیكەی حەوت ساڵە لە ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە بوون بگەڕێنەوە.

جەوهەر عەلی بەگ ئەوەشی وت: داواكاری سەرەكی ئێمە ئەوەیە پێش هەموو شتێك دایك و خوشكی ئێمە لەدەستی داعش رزگار بكەن، كەشێكی ئارامی وەها بخوڵقێنن كە تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونكە تا ئێستا تەنیا لەسەر دەستی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی سێ هەزار و ٦٠٠ كەس لەو ژن و كچانە رزگاركراون. ئاماژەی بەوەشكرد، حكوومەتی عێراق، هیچ گرنگییەكی بە شنگال و ئێزیدییەكان نەداوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند ساڵێكە دۆخی شنگال نائارامەو چەندین گروپی چەكداری لەو ناوچانە جێگیربوون‌و ناوە ناوەش لەو ناوچانە شەڕو ئاڵۆزی دروست دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا