پۆڵەتیك پرێس
بڕیاری دابەشكردنی سێ موچەی لیوا هاوبەشەكانیش نادیارەو بەرپرسانی ئەو لیوایانەش دەڵێن، “بەڵێنی چارەسەركردنمان پێدراوە و چاوەڕوانی دابەشكردنی موچەی مانگی ئازارین”.
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی پێشمەرگە موچەی سێ مانگی لیوا هاوبەشەكان بەبێ لێبڕین دابەشكرد، ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی دەربڕینی ژمارەیەك لەو پێشمەرگانەی لیوای 12 كە لەوەرگرتنی ئەو موچەیە بێ بەشكران و بەوهۆیەوە دەستیان بە گردبونەوە و خۆپیشاندانكرد.
سەرچاوەیەك لەفەوجی یەك لەلیوای 12ی پێشمەرگە بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، هەرچەندە بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی موچەیان پێدراوە، بەڵام تائێستا دیارنییە بۆ مانگی ئادار بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرن یاخودنا، دابەشكردنی موچەی ئەو مانگە یەكلایدەكاتەوە چارەنوسی موچەكانیان چی بەسەردێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە دروستبونی كێشەی موچە بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە پەیوەندی بەو كێشانەوە هەیە كە لەكاتی شەڕی داعش لە ساڵی 2016 لەنێوان سنوری شنگال و تەلەعفەر رویداو بەو هۆیەوە بەشێك لە بەرپرسانی پێشمەرگە هەڵهاتن ئەوەش وایكرد، ئەمریكا ئەو هێزانە بخاتە لیستی رەشەوە.
لە ماوەی رابردوشدا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا موچەی سێ مانگ بەبێ لێبڕین بەسەر لیوا هاوبەشەكانی هێزی پێشمەرگەدا دابەش بكات، بەڵام تەنها یەك موچەیان وەرگرتووە.