یەكێتی بەلێبڕنی موچەی فەرمانبەران رازی نییە

پۆڵەتیك پرێس:
پەرلەمانتارانی یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی كوردستان جەخت دەكەنەوە، كە ئەوان ناڕازین بەلێبڕینی موچەی فەرمانبەران‌و باس لەوەش دەكەن، ئەگەر ئەو لێبڕینە بەردەوام بێت، ئەوە بەدڵنیایی دەبێتە “ئەمری واقیع”.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رۆژی دوو شەممە 17ی ئاب كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكە بڕیاریدا، كە بەهەمان میكانیزی مانگی دوو، موچەی مانگی سێش دابەشبكرێت، كە میكانیزمەكە لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانە بەرێژەی 21% بۆ 50%.

لەبارەی هەڵوێستی یەكێتی بۆ دابەشكردنی موچە بەلێبڕینەوە، لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كودستان لەفراكسیۆنی یەكێتی بە “پۆڵەتیك پرێس”ی وت: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی یەكێتی بە هیچ شێوەیە رازی نابین بەبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

لوقمان وەردی وتیشی: ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا گەیشتووەتە رێككەوتن‌و مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەولێر دەنێرێت، بۆیە ناكرێت حكومەتی هەرێم لە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت.

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باسی لەوەش كرد، كە حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەبوارەكانی تر چاكسازی بكات، بۆ ئەوەی داهاتی بۆ بگەڕێتەوە، نەك بەلێبڕینی موچەی فەرمانبەران.

حكومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو، كە لێبڕینی موچە تەنیا بۆ یەك مانگ دەبێت‌و موچەی مانگی دووش بەو میكانیزمە دابەش دەكرێت، بەڵام بۆ ئەم مانگەش ئەو بڕیاریدا.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەدابەشكردنی موچە بەو میكانیزمە، نابێتە ئەمری واقیع، جەمال حەوێز سەرەڕای جەختكردنەوە لەناڕەزایی یەكێتی بۆ دابەشكردنی موچە بەلێبڕین لەلێدوانێكی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: ئەگەر بێتوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامبێت لەبڕینی موچەی فەرمانبەران ئەوە بەدڵنیایی دەبێتە ئەمری واقیع‌و لەمانگەكانی تریش لەو لێبڕینە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان، جەمال حەوێز وتی: پەرلەمانی كوردستان بەم دۆخی كۆرۆنا ناتوانێت كۆبوونەوە بكات ‌و دەنگ لەسەر ئەو پرسە بداتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، سەرەتای ئەم هەفتە حكومەتی هەرێم ‌و حكومەتی عێراق رێككەوتن بەوەی بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەولێر بنێرێت، بۆ ئەوەی بەو بڕە پارەیە كورتهێنانی داهاتی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە پڕبكرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا