لە یادی راپەرینی سلێمانیدا؛ واز لە هیوادارم و ئەكتینی سیاسی بهێنن، فرمێسكی تیمساحی سودی نییە! تەنانەت روونە مردووەكان لە جێی خۆیانن… وازیش لەوانبێنن و بیر لەزیندووەكان بكەنەوە كە هەن.
واز لەم هەموو بەیان و پەخشان و جوملە جوانانەی بێكرداربهێنن كەبڵاودەبنەوە.
ئەگەر مەبەست هەیەو ئامانجێكی بچوكیش هەبێت، وەك چۆن پشتاوپشتان گەرەنتیكردووە؛ نیوهێندەی ئەوە زامنی ژیانی چینەكانی خوارەوەبكەن. بیر لەوەبكەنەوە ئەم گەلە ماندووەو چەلەحانێی سیاسی ناوێت و سودی بۆ ئەوان نییە!
ئەم گەلە گۆڕانكاری دەوێت.
لە یادی راپەڕین-ی سلێمانیدا دارێك بڕوێنن؛ چاڵێكی ناوشەقامەكان پڕكەنەوە؛ یاخود قردێلەی كردنەوەی خوێندنگەیەكی نموونەی بقرتێن و باگەلیش خۆی هەرچەپڵەلێبدا؟!
لەم یادەداخزمەت بكەن. لایەنی كەم جینۆسایدی شارستانیەت و كلتوری ئەم شارە ڕاگرن و كۆتایی بە داگیركردنی موڵكی گشتی و پارچە پارچەكردن بهێنن، مێژوو چاوبرسییەكان نانوسێتەوە بەڵكو جێگەی بەهەڵوێستەكانە جێگەی ئەوكەسە نموونەیانەیە كە بیرلە ژیانی گشتی دەكەنەوە و ئەم گەلە بەرەو ئارامی دەبەن؛ لەم یادەدا دادوەری بچەسپێنن، هەرئەوەش رێگەڕاستەكەی راپەڕین بوو.
رێبین عومەر