بەسە توندوتیژی و گەندەڵی و حزب حزبێنە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لەو سەردانەیدا کە رۆژی هەینی دەستیپێکرد، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بەرپرسانی عێراقی بە وتارێکی بوێرانە و یەکلاکەرەوە سەرسام کرد کاتێک داوایکرد چیدیکە چەک بەکارنەهێنرێت و لە عێراق کۆتایی بە گەندەڵی و بەرژەوەندییە تایبەت و حزبییەکان بهێنرێت، داواشیکرد لەسەر حسابی عێراقییەکان، خزمەتی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان نەکرێت.

بەشێک لە چاودێران وا لێکدانەوە بۆ وتارەکەی پاپا دەکەن، کە راستەوخۆ مەبەستی چینی سیاسی دەسەڵاتدار و ئەو حزب و میلیشیایانە بووە کە لە عێراقدا باڵادەستن و چنگیان لە عێراق توندکردووە و مافی کەمینەکانیان فەرامۆش کردووە.

لەگەڵ گەیشتنیدا پاپا دەستیخستە سەر ئەو بابەت و دۆسیە هەستیارانەی عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و وتی: با چەک بێدەنگ ببێت و لێرە و لە هەموو شوێنێک رێگری لە بڵاوبوونەوەی بکەین، با بەرژەوەندییە تایبەتەکان کۆتاییان پێبهێنرێت و گوێ لەو کەسانە بگرین کە ئاشتی بنیاددەنێن.

پاپا ئاماژەی بەوەکرد، “با توندوتیژی و توندڕەوی و حزب حزبێنە و نالێبوردەیی کۆتاییان پێبێت”، پاپا داوای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هەموو کارێکی ناشەرعی کرد، وتیشی: پێویستە لەم کاتەدا لەپێناو بەدیهاتنی ئاسایش و سەقامگیری، دەستپاکی و شەفافیەت پەرەیان پێبدرێت.

پاپا داوای روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هەموو کارێکی ناشەرعی کرد

لەبارەی ئەو مەسیحیانەی لە هەر 100 هاوڵاتییەکی عێراق یەک هاوڵاتی پێکدەهێنن جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو چینە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان بەشداریان پێبکرێت و باوەڕمان بە مافی هەموو هاوڵاتیان هەبێت و وتیشی: نابێت هیچ هاوڵاتیەک وەک پلە دوو تەماشا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، پاپا ئێزدییەکانی بە قوربانی روبەڕوبوونەوەی نامرۆڤانە وەسفکرد کە بەهۆی ئاینەکەیانەوە دەچەوسێنرێنەوە و دەکوژرێن و ناسنامە و مانەوەیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 و لە میانی داگیرکارییەکانی رێکخراوی چەکداری داعش لە عێراق، ئێزدییەکان دووچاری دەستدرێژی و رفاندن و بەکۆیلەبوون و چەوساندنەوە هاتن.

لەم وڵاتەدا کە شوێنی یەکلاکردنەوەی سیاسەتی وڵاتانی زلهێزە و لە سەروو هەمووشیانەوە ئەمریکا و ئێران، پاپا وتی: هیوادارم وڵاتان بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی عێراق مامەڵە بکەن بەبێ ئەوەی بەرژەوەندی سیاسی و ئایدۆلۆژییان بسەپێنن.

رۆژی هەینی پاپای ڤاتیکان گەیشتە عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، هاوکات، چەندین ئۆتۆمبێل بەرەو دەرەوەی فڕۆکەخانەکە یاوەری ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی پاپایان کرد.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە پاپا کرد و رایگەیاند، پاپای پیرۆز میوانێکی ئازیز و بەخشندەیە، وتیشی: ئەم سەردانە هەلێکی مێژووییە تا لەڕێیەوە جەخت لە بەهاکانی خۆشەویستی و ئاشتی و ژیانی هاوبەش بکەینەوە و پاڵپشتی هەمەجۆری ئایینی و کۆمەڵایەتی بکەین.

پاپا ئێزدییەکانی بە قوربانی روبەڕوبوونەوەی نامرۆڤانە وەسفکرد کە بەهۆی ئاینەکەیانەوە دەچەوسێنرێنەوە و دەکوژرێن

دواتر پاپا رووی لە کەنیسەی کاسۆلیکی خاتوو نەجات کرد، ئەو کەنیسەیەی لە ساڵی 2010 لەلایەن توندڕەوانەوە بەبارمتە گیرا و دواتر بووە گەورەترین کوشتارگەی کوژرانی مەسیحییەکانی عێراق، کە تێیدا 44 کەس لەناو کەنیسەکە و دوو قەشە و حەوت کارمەندی ئەمنی کوژران.

مەسیحییەکانی عێراق گلەیی لە جیاکاری و نەبوونی هاوکاری حکومەت دەکەن لە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانیان کە لە سەردەمی داعش دەستیان بەسەرداگیرا، سەرباری ئەوەش پاپا داوای لە مەسیحییەکان کرد لە زەوییەکانی خۆیان بمێننەوە.

ساڵانی ناکۆکی و توندوتیژی بووەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی مەسیحییەکانی عێراق بەجۆرێک، لە ساڵی 2003 ملیۆن و نیوێک مەسیحی بوونیان هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا 400 هەزار لەو ژمارەیە لەناو عێراقدا ماون.

هەر لە میانی سەردانەکەدا، پاپای ڤاتیکان رۆژی شەممە سەردانی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی کرد و ئەمەش بە رووداوێکی مێژوویی لەلایەن عێراقییەکانەوە وەسفکرا، بڕیارە رۆژی یەکشەممەش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و چاوی بە چەند بەرپرسێکی هەرێم بکەوێت.

سەردانی ئەمجارەی پاپا فرانسیس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیاواز بوو لە سەردانەکانی پێشووتری، پاپا لە هەموو سەردانەکانیدا خەڵکێکی زۆری لێکۆدەبووەوە بەڵام ئەمجارە بەدەر لەو نوێژە بەکۆمەڵەی یەکشەمانی مەسیحی کە بڕیارە بە ئامادەیی چوار هەزار کەس لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە هەولێری پایتەختی هەرێم ئەنجامی بدات، هیچ قەرەباڵغییەکی دیکە بۆ هاتنەکەی دروست نەکرا.
Pope Francis's Iraq itinerary: the full schedule | The National

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا