پۆڵەتیک پرێس
سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بە یەک مەرج قایل بووە چاوی بە پاپا فرانسیس بکەوێت.
بەپێی قسەی چەند بەرپرسێک، بەشێوەیەکی گشتی سیستانی قایل نابێت چاوپێکەوتن ئەنجامبدات، تەنانەت رەتیکردووەتەوە چاوی بە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق و سەرۆک وەزیرانەکانی پێشووتریش بکەوێت.
لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەک لە نوسینگەی سەرۆکی عێراق رایگەیاندووە، سیستانی بەو مەرجە قایل بووە پاپا ببینێت، کە هیچ بەرپرسێکی عێراقی لەگەڵدا نەبێت لەکاتی چاوپێکەوتنەکە.
رۆژی شەممە، پاپای ڤاتیکان چاوپێکەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ عەلی سیستانی ئەنجامدا و لە شاری نەجەف لە باشووری عێراق کۆبوونەوە، ئەم چاوپێکەوتنە هێمایەک بوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە خاکێکدا کە خەریکە لافاوی تایەفەگەرایی و توندوتیژی دەیبات.