نرخی “مه‌لیكه‌” و هاوشێوه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوه‌وه‌

ئەم بابەتە 1984 جار بینراوە

پۆلەتیک پرێس-محەمەد مستەفا
دوای بڕیارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی زانیاری تایبەت بە ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل و بێ سەرەتا چەند جۆر و مۆدێلێک لە ئۆتۆمبێل نرخەکانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوه‌تەوە .

هاوکار شێخ عومەر، کە کاری کڕین و فڕۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکات لەئیدارەی ڕاپەڕین بە پۆلەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند:”دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێل و بێ سەرەتاییانە بەرز بۆتەوە کە (بڕاوە و مووس) نین یا خود ژمارەی شاسیەکەیان نەسڕاوەتەوە، بە گشتی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە 1500 تا 2000 دۆلار نرخیان بەرز بۆتەوە”.

وتیشی ” ئەوەی تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی مەلیکە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو ئۆتۆمبێلە لە ئیدارەی ڕاپەڕین بوونی هەیە و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، ئەمانە بەشی زۆرینەیان ئۆتۆمبێلی بڕاوە یاخود موسن یان ژمارەی شاسیان سڕاوەتەوە، ئەمانە نرخەکانیان وەک خۆیان ماوەتەوە ”

هاوکار شێخ عومەر باسی لەوەشکرد:”ساڵی 2017 بڕیارێکی هاوشێوە دەرچوو ، دوای پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە پێدانی تابلۆ ڕێگەپێدانی فەرمی تەنیا ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی گرتەوە کە بڕاوە و موس نەبوون و ژمارەی شاسیان نەسڕابوویەوە”.

لای خۆشیەوە عەلی عەبدوڵڵا، ووتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە پۆلەتیک پرێس-ی ڕاگەیاند:”پڕۆسەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و خوار مۆدێل لە ئێستادا تەنیا بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاری و زانینی ژمارەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیە، کە ڕێژەیەکی زۆر لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بوونی هەیە”.

عەلی عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند: هیچ بڕیارێک نیە بۆ پێدانی تابلۆ یاخود پێدانی فۆڕمی ڕێگەپێدانی فەرمی بەو ئۆتۆمبێلانەی کە ئەم فۆڕمەیان بۆ پڕ دەکرێتەوە، وەک ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیان بەم جۆرە لەم پڕۆسەی تۆمارکردنە دەڕوانن.

وتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد:”لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەڕین پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە لە سبەی یەک شەممە 7ی ئازار دەست پێ دەکات و تا 25 ی ئازار بەردەوام دەبێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک