بەسەرهاتێكی جوانی كاسترۆ لەگەڵ پاپا دا

ئەم بەسەرهاتە وانەیەكی جوانی ئینسانیانەی تێدایە، كە ئەوە دەردەخات كە ئاشتی و تێگەیشتنی هاوبەش دەشێ مرۆڤ لەو میحنەتەی تێی كەوتووە رزگاری بێت، لە ئێستادا پاپا فرانسیس لە عێراقە، ئەم بەسەرهاتە وەرگیراوە و حەقیقەتی سەركردەیەكی چەپ بەرامبەر بە دەوڵەتانی كاپیتاڵ دەردەخات كە مەبەستییەتی ئەوە روون كاتەوە كە هەرسەردانیكردن بەس نییە؛ بەڵكو بەدەستهێنانی دەستكەوت بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیانی گەلان گرنگە لە میوانداری ڕێبەرە جیهانییەكان.

لە ساڵی 1998پاپا ژانپۆڵی دووەم؛ ڕێبەری پێشوی كاتۆلیكەكانی جیهان، بەسەردانێكی رەسمی دەچێتە وڵاتی كوباو دیدارێكی مێژووی لەگەڵ فیدڵ كاسترۆ ئەنجام لە هاڤانای پایتەخت ئەنجام دەدا، لە دیدارەكەدا وەك هەموو جارێك پاپا بە ئامۆژگاری دەستپێدەكات، پاپا لە فیدڵ كاسترۆ دەپرسێت: ئایا تۆ باوەڕت بە كڵێسا هەیە؟

كاسترۆ… ژیرانە وەڵامی پاپا دەداتەوە: دەپرسێت ئایا تۆ خۆت باوەڕت بە خودا هەیە؟

پاپا كە لەم وەڵامەی كاسترۆ واقی دەورمێت، پاش كەمێك بێدەنگی دەڵێت:خەڵكی ئاسایی باوەڕیان بە خودا هەیە، چۆن دەكرێت من كە جێنشینی عیسای مەسیحم لەسەر زەوی باوەڕم بە خودا نەبێت.

پاشان كاسترۆ دەڵێت: خەیاڵم ئاسوودە بوو، چونكە بەهۆی بێدەنگی ئێوەوە لە ئاست دەستدرێژییەكانی ئەمریكا لە هەموو گۆشەیەكی ئەم جیهانە و كوشتاری مرۆڤەكان و نەبوونی كاردانەوە بەرانبەر تاوانكارییەكان و پشتیوانی نەكردن لە خەڵكانی ستەملێكراوی دنیا، پێم وابوو باوەڕتان بە خوا نییە.

پاپا… كە بەهۆی قسەكانی كاسترۆوە تەواو پەرێشان بوو، ئەم قسانەی وەك سووكایەتی بە خۆی و پەیڕەوانی كڵێسا لێكدایەوە و ویستی دانیشتنەكە بەجێ بهێڵێت، بەڵام كاسترۆ… داوای لێ كرد دان بەخۆیدا بگرێت و پێی وت: ئەگەر خۆت بە نوێنەری عیسای مەسیح لەسەر زەوی دەزانیت، پێت وایە میلیۆنان شوێنكەوتووت هەیە و زۆرێك لە سەرۆكانی دنیا لە نێویشیاندا سەرۆكی ئەمریكا و كاربەدەستانی ئەم وڵاتە باوەڕیان بە تۆ هەیە و پێگەكەت بە پیرۆز دەزانن، داوایان لێ بكە دەست لە جەنگ هەڵبگرن و بودجەی شەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری و ڕزگاركردنی مرۆڤ تەرخان بكەن.

پاپا لە وەڵامدا دەڵێت: كڵێسا كاری بەسەر سیاسەتەوە نییە.

لێرەدا كاسترۆ دواین تیری خۆی ئەهاوێت و ئەڵێت: ئەگەر كڵێسا بە میلیۆنان شوێنكەوتووەوە كاری بەسەر سیاسەتەوە نەبێت و بەرانبەر چارەنووسی خەڵك و ئەو هەموو بەڵایەی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و سەرمایەداران بەسەر هەژاران و وڵاتانی جیهانی سێهەمدا ئەیهێنن، هیچ ڕۆڵێكی نەبێت كەواتا كڵێسایەكی لەم جۆرە تەنها ڕۆڵێكی فەنتازی و ڕازاندنەوەی هەیە و تەنها بۆ كۆمەڵێك بۆنەی وەك ساڵی تازە، هاڵۆیین، ڕۆژی سوپاسگوزاری و ئەم شتانە باشە. كڵێسایەكی لەم جۆرە چ كارێكی بە باوەڕی من هەیە؟ هەڵبەتە من باوەڕم بە كڵێسایەكی لەم جۆرە نییە، چونكە ئەهلی بۆنە و فەنتازیا و تەشریفات نیم.

دوای ئەم دیدارە پاپا ژانپۆڵ لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ ڕۆما، بە پەیامنێران دەڵێت: ئەگەرچی كاسترۆ باوەڕی بە كڵێسا نییە، بەڵام پێم وابێت یەكێكە لەو كەسانەی كە جێگەی سەرنجی خوداوەندە.

رێبین عومەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا