62% كچان لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی دەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس – نیگار عومەر

بەپێی راپرسییەكی رێكخراوێكی بواری ژنان دەركەوتووە 62% ی ئەو كچ و ژنانەی بەشدارییان كردووە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە، توێژەرانی كۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كەمی ئاستی هۆشیاری و خراپ بەكارهێنانی ئەو تۆڕانە بە هۆكاری ئەو روداوانە دەزانن.

هەرچەندە بەپێی یاسا سزای توند بۆ ئەو كەسانە دیاریكراوە كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە كچان و ژنان و هەراسان دەكەن، بەڵام هێشتا كەسانێك هەن لەو رێگەیەوە پەنا بۆ بێزاركردنی كچان دەبەن.

بەپێی راپرسییەكە لەماوەی رابردودا، سەدا 62 ژنان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ڕوبەڕوی توندوتیژی و گێچەڵی شێكسی بونەتەوە.
بەشێك لەهاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار، پێیانوایە بەربڵاوی بەكارهێنانی ئەم تۆڕانەو كەمی هۆشیاری خانمان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی توندووتیژی وگێجەڵی سێكسی بەرامبەر بەخانمان.

توێژەرانی كۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش كەمی ئاستی هۆشیاری و خراپ بەكارهێنانی ئەو تۆڕانە بە هۆكاری ئەو روداوانە دەزانن

لەیلا ئەحمەد چالاكوانی بواری ژنان و توێژەری كۆمەڵایەتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەهۆی زۆری بەكارهێنانی ئەم تۆڕە لەلایەن گەنجانی تازەپێگەشتوەوە، هەروەها بەهۆی بەربڵاوی بەكارهێنانی ئەم تۆڕەوە گرفتی سەرەكی بۆ خانمان دروستكردووە، بەتایبەتیش كچانێكی تەمەن منداڵ لەهەموو كەسێك زیاتر ڕوبەڕوی توندووتیژی یان گێچەڵی سێكسی دەبنەوە .

وتیشی، “وەك چالاكوانی ژنان لەگەرمیاندا دەبینین گێچەڵی سێكسی بەوێنە بێت یان بەكۆمێنیتی نەشیاو بێت و یان بەهەر هۆكاری تر بێت بەرامبەر بەخانمان زیاترە، بۆیە پێویستە خانمان رێگە بەو كەسانە نەدەن بەئاسانی باوەڕ بەهیچ كەسێك نەكەن، لە حاڵەتی وەهاشدا پەنا بەرنە لای كەسانی پەیوەندیدار لەكاتی هەبوونی هەر كێشەیەك بێت”.

لە ماوەی رابردوشدا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم چەندینجار لە رێگەی شاشەكانەوە دانپێدانانی ئەو كەسانەیان بڵاوكردوەتەوە كە كژان و ژنانیان هەراسان كردووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە دیارەكە كەمبكرێتەوە.

ژاڵە عوبێد بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ژنان و كچان هۆشیاری بەكارهێنانی ئەو تۆڕەیان كەمە و بۆیە زۆرجار روبەڕوی كێشەو گرفت دەبنەوە وە خاڵێكی دیكە هەیە ژنان زۆر خۆش باوەڕن و زوو باوەڕ بە قسەی كوڕان دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ژنان و كچان تێكەڵاوی كەسانێك نەكەن كە نایناسن و پەیوەندی لەگەڵدا دروستنەكەن و لەكاتی هەبوونی هەرچ كێشەیەك پەنا بەرنە بەر ئەو لایانەنەی كە پەیوەندیدارن بەو كێشانەوە.

دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم چەندینجار لە رێگەی شاشەكانەوە دانپێدانانی ئەو كەسانەیان بڵاوكردوەتەوە كە كژان و ژنانیان هەراسان كردووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە دیارەكە كەمبكرێتەوە

لای خۆشیەوە نەقیب ئەیوب حسێن وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان لە كەلار بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئامێرەكانی پەیوەندیكردن خزمەتیان بەمرۆڤایەتی كردووە، بەڵام ڕۆژ بەدوای ڕۆژ كێشە و گرفتی زیاتری دروستكردوە وە تێیدا خانمان زیاتر ڕوبەڕوی توندوتیژی و گێچەڵی سێكسی دەبنەوە.

باسی لەوەشكرد، بەهۆی ‌ئەو دابونەریتەی كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەیە كچان كاتێك ڕووبەڕوی ئەو كێشانە دەبنەوە ناتوانن قسە بكەن و سكاڵا تومار بكەن بەوهۆیەشەوە دەبنە قوربانی لەلایەن ئەو تۆمەتبارەی كە گێچەڵ بەوخانمە دەكات.

وتیشی، “پێویستە لەسەر حكومەت یاسای ژمارەی 6ی ساڵی 2008خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن هەموار بكاتەوە و دەقی یاسای توندتر دابنرێت بۆ ئەو كەسانەی كە بەم تاوانانە هەڵدەستن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا