پۆڵەتیك شێوازی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بڵاو دەكاتەوە

پۆلەتیك پرێس- عەلی حەمە سەعید

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاشكرای دەكات، بەهۆی بارودۆخی تەندروستی و پابەندبوون بە رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، بۆ یادی 33 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە هیچ مەراسیمێك لە هۆڵی داخراو ئەنجام نادرێت و لەسەر مەزاری شەهیدان مەراسیمەكە بەڕێوەدەچێت.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگای هەڵەبجە بە پۆلەتیك پرێسی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ جۆرە مەراسیمێك بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەنەچوو، بە هەمان شێوە بۆ ئەمساڵیش كە هاوكاتە لەگەڵ یادی 33 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە لە هۆڵی داخراودا هیچ جۆرە مەراسیمێك ئەنجام نادرێت و قەرەباڵغی دروست ناكرێت.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتی: ئەوەی تا ئێستا بڕیاری لەسەردراوە ئەوەیە لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە كە شوێنێكی كراوەیە‌ مەراسیمی دانانی تاجە گوڵینە بەڕێوەدەچێت و پاشان وتاری ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و كەس و كاری شەهیدان و چەند وتارێكی دیكە دەخوێندرێنەوە و كۆتایی بە مەراسیمەكە دەهێندرێت، ئەوەش وەك پابەند بونێك بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بارودۆخی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تا ڕۆژی یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت ئەوا ئێمەش بڕیاری دیكە دەدەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوە یەكلا بووەتەوە كە بۆ ئەمساڵ لە هۆڵی داخراو هیچ مەراسیمێك ئەنجام نادەین.

لە 16_3_1988 رژێمی بەعس بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی هێرشی كردە سەر هەڵەبجە و زیاتر لە 5000 كەس شەهیدبوون و نزیكەی 10 هەزار كەس برینداربوون، كە بەشێكیان تا ئێستاش كاریگەری ئەو چەكە لەسەریان ماوەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا