ژمارەیەك لە ماددەكانی پرۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵی پەسەند كران

پۆڵەتیك پرێس

لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە كۆی 24 ماددە، 15 ماددەی لە پرۆژە یاسای دادگای فیدڕاڵی پەسەند كردووەو تەنها چەند ماددەیەكی كەمی پرۆژەكە ماوە لیژنەكە دەنگی لەسەر بدات.

بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، راپۆرتێكیان ئامادەكردبوو تایبەت بەدەركردنی ئەو ماددانەی جیاوازی لەسەرە وەكو بوونی ژمارەی زانایانی ئیسلامی و شێوازی دامەزراندنیان و چۆنیەتی كاركردنیان لە ناو دادگاكەدا كە ئایا تەنها راوێژیان پێبكرێت یان مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەو زۆرینەیەی پێویستە بۆ دەركردنی بڕیار لە دادگاكەدا، ئەم ماددانە ماونەتەوە بۆ سازانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەریان.

وتیشی، “بڕگە و ماددەكانی دیكەمان خستە دەنگدانەوە و گەشتووینەتە ماددەی 15 لە كۆی 24 ماددە بەشی زۆری ماددەكانمان پەسەند كردووە تەنها ئەو چوار ماددەیە دەمێنێتەوە كە رای جیاوازیان لەسەرە”.

روونیشیكردەوە، پێشتر وەكو لیژنەی یاسایی هەوڵیاندا چارەسەری جیاوازی بۆچوونەكان بكەن لەسەر ئەو چوار ماددەیە، بەڵام نەیانتوانی بۆیە سازانی فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو ماددانە ئاسان نییە و كاتی زۆر پێویستە.

لە ماددەی 92 ی دەستووری عێراق هاتووە، بەپێی یاسایەك كە لەپەرلەمانەوە پەسەند دەكرێت، پێویستە دادگای باڵای فیدراڵی دابمەزرێت كە پێكدێت لە ژمارەیەك دادوەر و پسپۆڕی یاسا و زانای ئایینی، بۆچوونەكان دابەشبوون بۆ چەند رایەكی جیاواز و بەشێك لە پەرلەمانتاران پێیانوایە پێویستە تەنها دادوەرەكان مافی دەنگدان و بڕیاردانییان هەبێت.

لە بەرانبەریشدا بەشێكی دیكە جەخت دەكەنەوە لەوەی زانا ئایینییەكانیش هەمان مافیان هەبێت و تەنها وەك راوێژكار لە ناو دادگاكەدا نەبن.

لە ئێستادا دادگای باڵای فیدراڵی بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامێكی و كۆچی دوایی ئەندامێكی دیكەیەوە توانای بڕیاردانی نەماوە تەنها ئەم دادگایەش دەتوانێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لە عێراق پەسەند بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا