سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: ئاگاداری دانپێدانانی چالاكوانەكان نین

پۆڵەتیك پرێس

سێ‌ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویانكردەوە، بە هیچ جۆرێك ئاگاداری ئەو راپۆرت و دانپێدانانە نین كە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڵاوكراونەتەوە.

لە روونكرنەوەیەكدا سێ‌ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رایانگەیاندووە، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە‌ سۆشیاڵمیدیای كەناڵی حزبێكی دیاریكراو، لە ژێر‌ ناوی دامەزراوەی (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان)، راپۆرتێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆەتەوە، لەو راپۆرتەدا دانپێدانانی چەند كەسێك پەخش كراوە و تۆمەتی سیخوڕی كردنیان دراوەتە پاڵ.

دەشڵێن، “ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، كەناڵی بڵاوكردنەوەی فەرمیی هەیە و پێكهاتووە لە پێنج ئەندام، بەڵام ئێمە سێ ئەندامی ئەنجومەنەكە بەهیچ جۆرێك ئاگاداری ئەو راپۆرت و دانپێدانانە نین كە بەناوی ئەنجومەنەكەوە بڵاوكراونەتەوە”.

ئەو سێ‌ ئەندامەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە درێژەی راگەیەنراوەكەدا روونییانكردووەتەوە، هەر بڵاوكراوەیەك بە بێ ئاگاداریی ئەوان و بێ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن ئەوانەوە بڵاو بكرێتەوە، سیفەتی فەرمی بوون وەرناگرێت و نوێنەرایەتی بڵاوكراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایش ناكات.

سێ‌ ئەندامەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم پێكهاتوون لە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری زانیاری، بەڕێوەبەری هەواڵگریی پێشمەرگە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، پێشتر پەیجی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی دەستگیركراوانی بادینانیان بڵاوكردەوەو رایانگەیاند، ئەو كەسانە كاری سیخوڕییان كردووەو پەیوەندی راستەوخۆیان بە چەكدارانی پەكەكەوە هەبووە تاوەكو دژی بەرپرسانی پارتی كاری هاوبەش بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا