فراكسیۆنی سەوز پەیامی خۆی لەسەر كەیسەكەی غالب محەمەد بڵاوكردەوە

پۆڵەتیك پرێس

فراكسیۆنی سەوز لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر كەیسی هێرشكردنە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد پشتیوانی تەواوی ئەو لێدوانەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی دەكەن و بەپێویستی دەزانن دادگا سەروەر بێت.

فراكسیۆنەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوە دەكەن، وێڕای دەستخۆشییان بۆ هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی كە توانیان لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتباران بدۆزنەوەو رادەستی دادگایان بكەن، هاوكات پشتیوانی تەواوەتی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگیش دەكەن لەسەر ئەو كەیسە.

دەشڵێن، “دژی هەموو دەستوەردانێكین لەكاروباری دادگاكان و جەخت لەسەروەری یاسا دەكەینەوە، بەپێویستی دەزانین پێش هەموو لایەك حكومەتی هەرێم خۆی رێز لەیاساو دادگاكان بگرێت بۆئەوەی رێگری لەئەنجامدانی تاوان بكرێت”.

رۆژی سێی ئەم مانگە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەئاشكراو بەهەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی سێ ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگری هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركراون، دەشڵێت، “سەرۆكی حكومەت متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەكرد”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كەسانەی كە لەسەر دۆسیەی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد تێوەگلاون و دەستگیركراون، حكومەت دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، هەر ئەو حكومەتەی كە لە كەیسی دەستگیركردنی (٥) چالاكوانەكەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەكان دەكرد كە دەستوەردان لە كاروباری دادگا نەكەن، كەچی هەمان حكومەت بە ئاشكرا و بە هەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگریی هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا