هه‌شت ساڵه‌ هیچ سه‌رۆكێكی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌چووه‌ته‌ هه‌ڵه‌بجه‌

پۆڵەتیك پرێس – عەلی حەمە سەعید
سەرەڕای ئەوەی ماوەی ساڵێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بە تەرخانكردنی بڕی هەشت ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەی دروستكردنی پردی “تووە قوت” و بەستنەوەی پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە، بەڵام تا ئێستا نە ئەو پرۆژەیە و نەهیچ پرۆژەیەكی دیكەی حكومەت نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە ماوەی هەشت ساڵە نە سەرۆكی هەرێم و نە سەرۆكی حكومەت سەردانی پارێزگای هەلەبجەیان نەكردووە.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند:”لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە حكومەتی هەرێم بڕیاری تەرخانكردنی بڕی هەشت ملیۆن دۆلاری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی دروستكردنی پردی تووەقوت لە نزیك ڕووباری سیروان دەركردووە، كە بەهۆیەوە دەتوانرێت پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێكەوە ببەسترێنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆژەیە نەكەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد،”لەماوەی ئەو ساڵەدا جگە لەوەی لە بانكی هەڵەبجە ژمارە حسابییەك بۆ ئەو پارەیە كراوەتەوە، كە بڕیاربوو بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخانبكرێت، هیچ بڕەپارەیەك خەرجنەكراوە و ژمارە حسابییەكەش هیچ بڕە پارەیەكی نەخراوەتە سەر، لەكاتێكدا ئێمە تەندەری گشتیمان بۆ پرۆژەكە ئامادەكردووە و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كردووە”.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی ڕوونكردەوە، لە ئێستادا هەوڵێك لە ئارادایە كە بتواندرێت ئەو پرۆژەیە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە جۆرێك جگە لە دروستكردنی پردی تووە قوت، ڕێگای سەرەكیش بۆ ئەو پردە دروستبكرێت، كە دەتوانێت پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە ببەسترێتەوە.

وتەكانی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە كاتێكدایە كە تا ئێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێی نەكراوە، هاوكات ماوەی زیاد لە هەشت ساڵیشە نەسەرۆكی هەرێم و نەسەرۆكی حكومەت سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان نەكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا