ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی هاتووچۆكردن لەمەرزی نیودەوڵەتی باشماخ

پۆڵه‌تیك پرێس – عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی لەسەر داوای لایەنی ئێرانی ماوەی چەند ڕۆژێكە هاتووچۆی گەشتیاریی لە مەرزی نیودەوڵەتی باشماخ ڕاگیراوە و تەنها ڕێگا بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئێرانی دانیشتووی هەرێم دەدرێت بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام بە وتەی به‌پرسێكی مەرزه‌كه‌، ئەو وادەیەی لایەنی ئێرانی دیارییان كردووە بۆ ڕاگرتنی هاتووچی گەشتیاری دوو هەفتەیە و درێژكردنەوەی ئەو وادەیەش پەیوەندی بە لایەنی ئێرانییەوە هەیە.

ئیسماعیل عەلی ئاغا، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە پۆلەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند:”بەهۆی بڵاوی بوونەوەی جۆری گۆڕای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارە جیاوازەكانی ئێران، بە مەبەستی ڕێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر داوای لایەنی ئێرانی ماوەی چەند ڕۆژێكە هاتوچۆی گەشتیاریی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاگرتنی هاتووچۆی گەشتیاریی لە 25ی مانگی ڕابردووەوە دەستپێكردووە و بۆماوەی دوو هەفتە بەردەوامی دەبێت، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتیان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بڵاویانكردووەتەوە كە گوایە ڕاگرتنی هاتووچی گەشتیاریی تەنها بۆ ماوەی هەفتەیەكە، بۆیە تا ئێستاش هیچ بڕیارێكی نوێ‌ نییە بۆ دەستپێكردنەوەی هاتوچۆی گەشتیاریی لە مەرزی باشماخ.

ئەو بەرپرسەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئەوەشی ڕوونكردەوە، بە پێی بڕیارەكە لە ئێستادا تەنها ئەو هاووڵاتیانە دەتوانن هاتوچۆ بكەن، كە هاووڵاتی ئێرانین و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، یاخود هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن بەكارێك چونەتە ئێران و ئێستا دەیانەوێت بگەرێنەوە، بۆیە لەدوای ئەو دوو هەفتەیە ئەو جۆرە هاتوچۆیەش رادەگیرێت و درێژكردنەوەی وادەكەش پەیوەندی بە لایەنی ئێرانییەوە هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا