عەلوەی سلێمانی دادەخرێت

ئەم بابەتە 90 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

بەهۆی بوونی كێشە لەنێوان شۆفێرانی دەروازە سنورییەكان و بازرگانانی عەلوەی سلێمانی لەسەر هاوردە كردنی بەرهەمی سەوزەو میوە، بازرگانانی عەلوەی سلێمانی بڕیاری مانگرتنیان داوەو رۆژی هەینی عەلوەكە دادەخرێت.

سۆران عەبدول غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بازرگانانی عەلوەی سلێمانی نیگەرانن و بڕیاریانداوە لە رۆژی هەینییەوە دەرگای عەلوەكە دابخەن و مانگرتن رابگەیەنن.

وتیشی، “ئەگەر مانگرتنی بازرگانان درێژە بكێشێت و كێشەكەیان چارەسەر نەكرێت، ئەوا زیانی دەبێت و نرخی ئەو كاڵاو شتومەكانەی دێنە عەلوەكەو دواتر دەگاتە دەستی هاوڵاتیان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام لەڕێگەی لیژنەكانیانەوە چاودێری نرخی كاڵاو شتومەكەكانی ناوبازاڕ دەكەن ئەگەر هەرشوێنێك یان هەر فرۆشیارێك بەهۆی ئەوەی كێشە دروستبووە لەعەلوەی سلێمانی نرخ زیاد لەپێویست بەرز بكاتەوە ئەوا سزادەدرێت یان شوێنەكەی پێدادەخرێت.

پێشتریش عەتا عەلی وتەبێژی شۆفێرانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، ”ماوەی سێ‌ رۆژە گردبونەوەی ناڕەزایی ئەنجامدەدەین، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی كەرتەكانی عەلوەی سلێمانی بارەكانی ئێمە بارنەكەن، چونكە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریان لەسەر دەرچوە نابێت بەو كارە هەستن”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک