گۆڕان چاوەڕێی وەرگرتنی چەند پۆستێكی پارێزگای هەڵەبجەیە

پۆڵەتیك پرێس- عەلی حەمە سەعید

بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكات بە لەبەرچاوگرتنی رێككەوتنی نێوانیان ئەو پۆستانەیان پێ بدرێت كە لە بارەی پۆستەكانی پارێزگاری هەڵەبجەوە لەگەڵ یەكێتی واژۆیان كردووە.

نزار مەحمود باژێروانی مەكۆی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان ئەوان و یەكێتیدا هەیە پێویستە پۆستەكانی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، قائیمقامی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ یەكێتی چەندجارێك گفتوگۆیان كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو پۆستانەی سنوری پارێزگای هەڵەبجەیان وەرنەگرتووە.

وتیشی، “بەپێی رێككەوتنەكەمان بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، لە پارێزگای هەڵەبجە پۆستەكانی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە و قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە و بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە پشكی ئێمە بوون، بەڵام تەنها بەڕێوەبەری ناحییەی بیارەمان لەكاتی خۆیدا وەرگرتووە و بۆماوەی دوو ساڵیش پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەمان لابووە، دواتر كە یەكێتی پارێزگاری هەڵەبجەی وەرگرت، جێگری پارێزگار كەپشكی ئێمە بوو، بەڵام وەرمان نەگرتووە”.

یەكێتی نشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەرۆژی 11/12/2014، لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە رێككەوتن، بەڵام دواتر بەهۆی كۆتایی هاتنی ویلایەتی ( مەسعود بارزانی) سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان نەتوانرا لە وادەی خۆیدا ئاڵوگۆڕ بە پۆستەكان بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا