دەربارەی یاسا و یاساشكێنی

كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاكەوان لە بادینان زۆر بێباك و نادادپەروەرانە بەناوی یاساشكێنییەوە داوەیدەكرێن. تۆڕێك لە شەقاوە لە سلێمانی پلانی بە چەقۆ پەلاماردانی دكتۆر غالب محەمەد دەكێشن و لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا برینداریی دەكەن. بەپێی زیاد لە ھەواڵێك خەریكە كەیسی ئەم شەقاوانە لە سلێمانی دادەخرێت و بەشاربوانی تاوانەكە دادگایی ناكرێن، یان دادگایكردنەكەیان بەلاڕێدا دەبرێت.

لە ھەردوو دۆخەكەدا دەسەڵاتێكی سیاسیی ئامادەیە كە لە پەیوەندییەكی تەواو ئامرازیدایە لەگەڵ یاسادا. واتە یاسا وەك ئامرازێك بەكاردەھێنێت بۆ بەرگریكردن لە قازانج و خواست و سایكۆلۆژیا و دەسكەوتە تایبەتەكانی دەسەڵاتداران و سزادانی ھەركەسێكیش بە مەترسیی بزانن بۆسەر خۆیان. لە یەكەمیاندا داوای داوەریكردنی كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و چالاكەوانی مەدەنیی دەكرێت، لە دووھەمیاندا داوای داوەرینەكردنی گروپێكی تێوەگلاو لە تاوانەوە دەكرێت. لە ھەردوو دۆخكەشدا لۆژیكی بەڵتەجیی سەرەوەرە و ھێز دەستنیشانی ئەوەدەكات دادگا چی ئەنجامبدات و چیش بەجێبھێڵێت.

ئەم گفتوگۆیەی فوكۆ و چۆمسكی، كە یەكەێكە لە بەناوبانگترین گفتوگۆ فیكرییەكانی سەدەی بیستەم، دەشێت شتێكمان لەسەر پەیوەندیی نێوان یاسا و یاساشكێنی وەك ھەڵسوكەوتی ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینە پێبڵێت. لە گرتە ڤیدیۆییەدا، كە بەشێكی گفتوگۆكەیە، چۆمسكی زۆربەی كات قسە دەكات و پێ لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ دادەگرێت كە دەكرێت بەم شێوەیە كورتیانبكەینەوە:
١- نابێت مرۆڤ بەردەوام ئەوە قبووڵبكات كە دەوڵەت و دەسەڵاتداران دەستنیشانی ئەوەبكەن چی یاساییە و چی نایاسایی. ئەم قبووڵنەكردنەش دەشێت فۆرمی ”یاخیبوونی مەدەنیانە“ یان ”گوێڕایەڵینەكردنی مەدەنیانە“ بگرێتەخۆی.
٢- ھەندێكجار لادان لە یاسا، گوڕێڕایەڵنەبوون بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەت، تاكە كردەیەكی ئەخلاقیی ڕاستەقینەیە بشێت مرۆڤ ئەنجامیبدات. ئەمەش لەو كاتانەدا كە یاسا بۆ مەبەستی درێژەدان بە تاوان و كاری خراپ، یان بۆ شاردنەوە و داپۆشینی خراپەكاریی، بەكاردەھێرنێت.
٣- دەوڵەت یان حوكمڕانان دەتوانن شتێك بە نایاسایی لە قەڵەمدبەن، بەڵام ئەم بە نایاسیی لەقەڵەمدانە، ھەڵە و ناڕاستە و قابیلی قبووڵكردن نییە.
٤- ئەوە كارێكی یاسایی و ئەخلاقیی و ڕاست و دادپەروەرانەیە، خەڵك بە جۆرێك ھەڵسوكەوتبكەن، ڕێگربت لەوەی دەوڵەت یان حوكمڕانان بتوانان كاری تاوانكارانە ئەنجامبدەن.

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا