سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم واژۆ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناحیه‌یه‌ك ناكات

پۆڵەتیك پرێس- عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ساڵێكە دانیشتووانی ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی خراپی ڕێگاوبانی سەرەكی ناحییەكەیان دەناڵێنن، هاوكات خاوەنی مەرزێكی بازرگانیشن كە مانگانە داهاتێكی زۆر بۆ خەزێنەی حكومەت كۆدەكاتەوە، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری ناحییەكە تەنها بە واژۆیەكی سەرۆكی حكومەت گرفتی ڕێگاوبانەكە چارەسەر دەبێت و سەرۆكی حكومەتیچ ئامادە نییە ئەو واژۆیە بكات.

ئارام عەبدوڵڵا، یەكێك لەشۆفیرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی مەرزی پشتە بە پۆلەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند:”چەند ساڵێكە ئێمە و دانیشتوانی سنوری ناحییەی بەمۆ بەدەست خراپی ڕێگاوبانی سەرەكی مەرزی پشتە و ناحییەی بەمۆوە دەناڵێنین بێزاربووین لەچاڵ و چۆڵییەكانی، چەندین جار لە رێگەی هاوڵاتیانی سنورەكە و كەسایەتی و بەرپرسانی حكومی و حزبییەوە داوای چارەسەركردنی ئەم گرفتەمان كردووە، بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، لەكاتێكدا دەتواندرێت هەر لەسەر داهاتی ئەم مەرزە ڕێگاوبانەكان چاك بكرێن و هیچ فشارێكی دارایی نەخرێتە سەر شانی حكومەت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕۆژانە لەم ڕێگایەدا زیاد لە 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆ دەكەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكەن، بەڵام ڕێگاوبانەكە هێندە خراپ بووە كەڵكی هاتووچۆكردن بەسەریدا نەماوە، لەكاتێكدا درێژی ڕێگاكە تەنها 20 كیلۆ مەترە و دەتواندرێت بە ئاسانی چارەسەر بكرێت، بەڵام دەوترێت سەرۆكی حكومەت تا ئێستا ڕەزامەندی نەداوە بە خەرجكردنی بڕێكی كەم لە داهاتی مەرزەكە بۆ چارەسەر كردنی گرفتی ڕێگاوبانی ئەم سنورە.

سمكۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆبە پۆلەتیك پرێس-ی ڕاگەیاند: سەرەكیترین گرفت لەم سنورەدا گرفتی خراپی ڕێگاوبانەكانمانە، لە كاتێكدا بەهۆی بوونی مەرزێكی بازرگانی كە خاوەن داهاتێكی زۆر باشە، دەبوو باشترین ڕێگاوبانمان هەبووایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێكە دەرخستە و بڕی تیچووی پرۆژەكەمان خستوەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام تا ئێستا سەرۆكی حكومەت ئامادەنەبووە واژۆ لەسەر پرۆژەكە بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی ئەو دەرخستەیەی ئێمە چاككردنی ڕێگاكە پێویستی بە تەنها سێ‌ ملیار دینارە و دڕێژییەكەی نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەبێت، لەكاتێكدا مەرزی پشتە تەنها لەمانگێكدا چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە و ڕۆژانە 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەمەرزی پشتەوە هاتووچۆ دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا 150 ماڵ كە دانیشتووی سنوری ناحیەی بەمۆن لەسەر هەمان ڕێگاوبان هاتوچۆ دەكەن دانیشتوانەكەی هەزاران كەس دەبن.

بەڕێوەبەری ناحییەی بەمۆ جەختی لەوەشكردەوە، “چەندین جار سەردانی نوسینگەی پەرلەمان و پارێزگاری هەڵەبجە و چەندین لایەنی دیكەی پەیوەندیدارمان كردووە، بەڵام ئەوەیان پێڕاگەیاندوین كە دەرخستەی پرۆژەكە گەیشتوەتە بەردەستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بڕیاری خەرجكردنی بەشێك لە داهاتی مەرزەكه‌، پێویستی بە واژۆی سەرۆكی حكومەت هەیە، ئەگەر سەرۆكی حكومەتە تەنها بڕیاربدات پارەی 20 ڕۆژی مەرزەكەمان بۆ تەرخانبكرێت، هیچ گرفتێكی هاتوچۆمان نامێنێت لەسنورەكەدا”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا